پۆمپیۆ: رەنگە بتوانین پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی توركیا و كورد بكەین

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، گەشبینی خۆی نیشاندا بە دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بەهۆیەوە هەم بتوانن بەرژەوەندییەكانی كورد لە سووریا بپارێزن و رێگەش بە توركیا بدەن پارێزگاری لە وڵاتەكەی بكات دژی هەر هەوڵێكی تیرۆریستی. هاوكات راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا رای گەیاند، پاراستنی كوردان مەرجی كشانەوەی سوپای ئەمەریكایە لە سووریا.

لە گەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ شەموو 12ی كانوونی دووەم/ یەنایەر، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات، گەشبینی وڵاتەكەی راگەیاند، بۆ پاراستنی رۆژئاوای كوردستان و رێگەدان بە توركیاش لە پارێزگاری كردن لە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەكەی دژ بە تیرۆریستان.

پۆمپیۆ دوای گفتوگۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، گوتی "دڵنیام دەگەین بە دەرئەنجامێكی باش كە بەرژەوەندی هەردوولا بپارێزین".

لەبارەی كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا، هێمای بۆ ئەوەكرد كە ئەوەی روودەدات گۆڕانكارییەكی تەكتیكی سەربازییە و هیچ كاریگەری بەسەر توانا سەربازییەكانی ئەمەریكا بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئێران و داعش نابێت.

قسەكانی پۆمپیۆ لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ شەموو، ئەمەریكا دەستی كرد بە كشاندنەوەی چەك و تانك و زریپۆش و پێویستییە سەربازییەكانی لە سووریا، هاوكات، جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا رای گەیاند گفتوگۆ سەربازییەكانیان لەبارەی سووریاوە لەگەڵ توركیا بەردەوامی دەبێت، گوتی "پاراستنی كورد مەرجێكی پێشینە دەبێت بۆ كشاندنەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا".

جێی باسە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری كشاندنەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا راگەیاند كە بەهۆیەوە بەرپرسانێكی زۆری ئیدارەكەی ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەهۆیەوە جیمس ماتیس وەزیری بەرگری و ماكگۆرك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر لە سووریا و عێراق وەك ناڕەزایەتییەك دەستیان لە كارەكانیان كشاندەوە.
 


سەرچاوە/ بی بی سی



وشە - فه‌رمان سادق


PM:08:44:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌