بەهۆی ئەوەی كرێكارانی پاككەرەوە ئیشەكەیان بەو شێوازەیە بەیانی زوو دەست بە پاككردنەوەی شەقام و شار و كۆڵانەكان دەكەن و مەترسی نەخۆشبوونیان لەسەرە، نۆرینگەیەك رەزامەندی دەربڕیوە بێ بەرانبەر چارەسەریان بكات.
كاسترۆ مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كرێكارانی پاككەرەوە بەردەوام پێویستیان بە خزمەت هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە خزمەتی شار لە پاكڕاگرتنی شار و شەقامەكان و ژینگە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ خاوەن نۆرینگەیەك قسە كراوە تا خزمەت بەو كرێكارانە بكات و بە خۆڕایی چارەسەریان بكات.
بەگوتەی ئەو نوێنەرە، لە ڕاپەڕین 700 كرێكاری پاككەرەوە هەن، بۆ ئەو مەبەستە خاوەنی نۆرینگەكە دكتۆر دیاری پسپۆڕی نەخۆشی گورچیلە و میزەڕۆ، ڕەزامەندی نیشان داوە كە لەمەودوا كرێكارانی پاككەرەوە لە سنوورەكە بەبێ بەرانبەر چارەسەر بكات.
ئەو گوتی، لەگەڵ كۆمپانیای پاككەرەوەكە قسەم كردووە و هەر كرێكارێك نەخۆش یان كێشەیەكی تەندروستی هەبوو، ڕەوانەی نۆرینگەكەی دكتۆر دیاری بكەن بۆ مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن داواشی لە پزیشكان و نۆرینگەكان كرد دەرگای نۆرینگەكانیان بە ڕووی كرێكارانی پاككەرەوە و ژینگەپارێز بكەنەوە و بە خۆڕایی چارەسەریان بكەن تا بتوانن لە كارەكانیان بەردەوام بن.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی