رانیە.. پارچەیەك زەوی بۆ نەمام چاندن تەرخان دەكرێ‌

:: PM:09:02:13/01/2019 ‌
لەپێناو زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و هۆشیاركردنەوەی تاك دارستانێكی چاندنی نەمامی تایبەت بە هاوسەران دروست دەكرێت.

كارۆخ شەریف، لێپرسراوی بەشی باخچەكانی شارەوانی ڕانیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بیرۆكەی دروستكردنی باخچەی نەمام چاندن لە ساڵی 2014ەوە لەگەڵ شارەوانی ڕانیە لەهەوڵدابووین، بەڵام بەهۆی تەنگژەی داراییەوە نەمان توانی، ئێستە بەمەبەستی زیادكردنی ڕێژەی سەوزای لە سنوورەكە  بیرۆكەی باخچەیەكی چاندنی نەمام تایبەت بەوانەی تازە لەدایك دەبن، یان هاوسەرگیری دەكەن، خراوەتە بواری جێبەجێ كردنەوە و دروست دەكرێت.

روونیشی كردەوە كە وەك قۆناغی یەكەم و لە پێناو زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی، پارچەیەك زەویمان لەناو شاری ڕانیە لە نزیك نەخۆشخانەی منداڵ بوون تەرخان كردووە بۆ هەموو دایك و باوكێك كە منداڵیان دەبێت دەتوانن بۆ منداڵەكەیان لەو باخچەیە كە بە شێوەی دارستان دەبێت و دەتوانرێت نزیكەی هەزار و 600 نەمامێك بچێنن، هەروەها ئەوانەی پرۆسەی هاوسەرگیری دەكەن، یان ئەوانەی كەسێكیان كۆچی دوایی دەكات دەتوانن نەمام لەو باخچەیە بچێنن.

لێپرسراوی بەشی باخچەكانی شارەوانی ڕانیە ئاشكراشی كرد،  ئەگەر لە قۆناغی یەكەمدا ئەو كارەیان سەركەوتووبێت، چەند پارچە زەوییەكی تری شارەكەیان تەرخان كردووە بۆ چاندنی نەمام.

ئاماژەی بەوەكرد، كە بۆ چاندنی نەمامەكە دەبێت ناوی خۆیان لای شارەوانی تۆمار بكەن و پاشان شارەوانی نەمامەكە و شوێنی چاندنەكەی دیاری دەكات.

وشە/ شادان بەكر



وشە - سه‌رخێڵ هاشم