خێزانێکی مسوڵمان لەبەر ئەوەی بە ڕووخساری
داپۆشراوەوە سەردانی نەخۆشخانەیەکی ئەمەریکایان کرد، لە دەرگاکەوە ڕێگە نەدرا
بڕۆنە ژوورەوە و سووکایەتییان پێ کرا.
لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا، خێزانێک بۆ
سەردانی بووکەکەیان و نەوەکەیان ڕۆشتن، تا لە تەندروستییان دڵنیا ببنەوە و بەخێرهاتنیان
بکەن، بەڵام هەر لە دەرگای دەرەوەی نەخۆشخانەکەوە ڕێگرییان لئ کرا و بە
سووکایەتییەوە نەیانهێشت بڕۆنە ژوورەوە.
ئەم خێزانە کە لە ژن و مێردێک و کچەکەیان پێک
هاتبوون، بەوە ڕێگرییان لێ کرا، کە گوایە کچەکە و دایکی ڕووپۆشیان کردووە، واتە
"نیقاب"یان بەستووە، ئەم دیمەنەش بەلای دەرگاوانەکانەوە تۆقێنەر بوو،
هەر بۆیە پێیان گوتن: نابێت بڕۆنە ژوورەوە بەو دیمەنە تۆقێنەرەوە کەس نایەوێت
بتانبینێت، نە نەخۆش، نە پزیشک و پەرستارەکانیش.
ئەم خێزانە بە قسەی دەرگاوانەکان زۆر تووڕە
بوون، هەر بۆیە سکاڵایان لەسەر تۆمار کردوون، لە لایەن ستافی نەخۆشخانەکەشەوە بە
فەرمی داوای لێبوردن لەو خێزانە کرا، پێیان گوتوون: ئێوە و هەموو دانیشتوویەکی تری
وڵاتەکە دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەکە بکەن و بەوپەڕی ڕێزەوە پێشوازیتان لێ دەکرێت.