نەتانیاهۆ گەشتی وەزیرانی ئیسڕائیلی بۆ 14 وڵات قەدەغە كرد

:: PM:02:07:26/12/2016 ‌

بنیامین نەتانیاهۆ گەشتی وەزیرانی ئیسڕائیلی بۆ 14 وڵاتی دنیا قەدەغە كرد، ئەو وڵاتانە هەینی رابردوو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بڕیارێكیان لە دژی ئورشەلیم واژوو كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 26 كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، ماڵپەڕی دەنگی ئیسڕائیل ئاشكرای كرد، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل سەرجەم وەزیرانی كابینەكەی ئاگادار كردەوە، بۆیان نییە سەردانی ئەو وڵاتانە بكەن كە رۆژی هەینی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشیان واژوو كردووە. 

زیاتر روون كراوەتەوە، سەرەكیترینی ئەو وڵاتانە بریتین لە بەریتانیا، فڕەنسا، چین و رووسیا و داوای لە وەزیرەكانی كرد هیچ هاوكارییەك لەگەڵ ئەو وڵاتانە نەكەن كە بڕیاری راگرتنی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی ئیسڕائیلیان لە كەرتی غەزە واژوو كردووە.

هەینی رابردوو، 23ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی بڕیارێكی لەبارەی راگرتنی پڕۆژە نیشتەجێبوونەكانی ئیسڕائیل لە كەرتی غەزە دەركرد و داوای كرد ئیسڕائیل لە دروستكردنیان دەست رابگرێت.

ئەمەریكا هەمیشە لە ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو بڕیارانە ڤیتۆ دەكات كە دژی ئیسڕائیل دەردەچن، بەڵام ئەم جارەیان بێ هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەسندكردنی بڕیارەكە پیشان دا و 14 ئەندامەكەی تری ئەنجوومەن دەنگی ئەرێنییان پێ دا.

سائیب عەریقات، سەرۆكی دەستەی دانوستاندنەكانی فەڵەستین وەك كاردانەوەیەك بۆ دەركردنی ئەو بڕیارە رای گەیاند، ئەمە رۆژی سەركەوتنی مافی نێودەوڵەتی و سەركەوتنی زمانی شارستانی و رەتكردنەوەی توندئاژۆییەكانی ئیسڕائیلە.

رەن پرۆسۆر، نوێنەری ئیسڕائیل لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستبەجێ دوای دەرچوونی بڕیارەكە، بە توندی رەخنەی لە ئەمەریكا گرت و و روونی كردەوە، گومانی تیادا نییە دوای هاتنە سەر كاری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و سەرۆكی نوێی نەتەوە یەكگرتووەكان، لاپەڕەیەكی نوێ و جیاوازتر لە ئێستە لە پێوەندییەكانی ئیسڕائیل و نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵدەدرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا لە تویتێكدا كاردانەوەی خۆی بەرامبەر ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەربڕی و رای گەیاند، دوای 20ی كانوونی دووەم، دۆخی نەتەوە یەكگرتووەكانیش گۆڕانی بەسەردا دێت، ترەمپ لەو رێكەوتە بە فەرمی وەك سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستبەكار دەبێت.

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل لە راگەیەندراوێكدا ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی بە بڕیارێكی دژە ئیسڕائیلی ناو برد و ئاماژەی دا، ئیسڕائیل بەو بڕیارە پابەند نابێت.

نەتانیاهۆ لە راگەیەندراوەكەدا دووپاتی دەكاتەوە، لە كاتێكدا ئەنجوومەنی ئاسایش هیچ بڕیارێك لەبارەی كوشتوبڕی نیو ملیۆن كەس لەناو سووریادا دەرناكات، بەوپەڕی بێ شەرمییەوە دژی تاكە دیموكراسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەك دەگرن و دیواری "نەدبە" بە ناوچەی داگیركراو ناو دەهێنن.

سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل روونی كردەوە، كابینەی ئۆباما لە پشت پەردەوە لەسەر ئەو بڕیارە رێككەوتنی كردووە، ئیسڕائیل چاوەڕوانە لەگەڵ دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ و دۆستانمان لەناو هەردوو حزبی دیموكرات و كۆماریخوازانی ئەمەریكا، هەوڵ بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو بڕیارە بدەین.

دوای ئەو روداوە وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل باڵیۆزی 10 لەو وڵاتانەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیان پەسند كرد، لە ئورشەلیم بانگهێستی وەزارەتی دەرەوە كرد بۆ ئەوەی روونكردنەوەیان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەكەیان دژ بە ئیسڕائیل لی وەربگرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئیسڕائیل – BBC – دویچەوێلە


وشە - هیدایه‌ت جان