بە 15 خولەك ڕۆیشتن بەپێ‌ ژیانت بگۆڕە

:: PM:09:19:14/01/2019 ‌
وەكو هەموومان دەزانین وەرزشكردن سوودێكی زۆر بە لەش دەگەیەنێت كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر تەندروستی و دەروونی مرۆڤ. وەرزشكردن لە هۆڵ یان لە شوێنێكی دیاریكراودا كاتێكی زیاتری دەوێت، بەڵام بەپێی نوێترین توێژینەوەی پزیشكی دەركەوتووە رۆشتن بەپێ بۆ ماوەی 15 خولەك و بەشێوەیكی بەردەوام هەموو رۆژێك كاریگەریەكی باشی دەبێت لەسەر لەش.

*بەپێی توێژینەوەكان رۆشتن بەپێ سوودێكی زۆری هەیە بۆ دڵ و بۆریەكانی خوێن ئەگەر لە هەفتەیەكدا نۆ میل بە پێ رێبكەیت بەرێژەی %22 لە مردن بەدوور دەبیت و بەرێژەی %18 لە تووش بوون بەنەخۆشی پارێزراو دەبیت.

*رۆشتن بەپێی لە ماوەی سێ‌ سەعاتدا لە هەفتەیەكدا %35 مەترسییەكانی نەخۆشی دڵ كەم دەكاتەوە و بۆرییەكانی خوێن و جەڵتە بەرێژەی %34 كەم دەكاتەوە.

سوودەكانی رۆشتن بەپێ بەشێوەیەكی بەردەوام:
یەكەم: مەترسییەكانی نەخۆشیی شەكرە كەم دەكاتەوە، ئەو ژنانەی رۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەك بەپێ رێدەكەن مەترسی نەخۆشیی شەكرە تیاندا بەرێژەی %30 كەم دەبێتەوە و چەوری سك كەم دەكاتەوە كە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ نەخۆشیی شەكرە.

دووەم: مەترسی زەهایمەر كەم دەكاتەوە، بەپێی ئەو توێژینەوەییەی كە لە زانكۆی ڤیچرجینیا و سیستەمی تەندروستی ئەنجام دراوە دەركەوتووە ئەو پیاوانەی كە تەمەنیان لە نێوان 71 بۆ 93 ساڵیدایە پێویستە رۆژانە بەلایەنی كەمەوە 30 خولەك بەپێ رێبكەن، چونكە رۆشتن بەپێ لەو تەمەنەدا مەترسی نیشانەكانی زەهایمەر كەم دەكاتەوە.

سێیەم: پەستانی خوێن كەم دەكاتەوە، رۆشتن بەپێ بۆ ماوەیەكی دیاریكراو پەستانی خوێن كەم دەكاتەوە بەتایبەتی بئ ئەو كەسانەی لەسەر و تەمەنی 45 ساڵیەوەن.

چوارەم: یارمەتی هەرسكردن دەدات، بەپێی توێژینەوەی  چارەسازێكی جەستەی لە چارەسەركردنی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە لە ئەمریكا دەڵێت رۆشتن بەپێ و توانایی جوڵاندنی لەش هاتووچۆی گەدە باشتر دەكات و كرداری هەرسكردن خێرا دەكاتەوە.

پێنجەم: ئازار كەم دەكاتەوە و توانایی جوڵان زیاد دەكات ، بەپێی كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی ئەو كەسانەی رۆژانە بۆ ماوەی 15 خولەك بەپێ رێدەكەن توانایی جوڵەیان باشتر دەبێت و رۆشتنی خوێن ئاسانتر دەبێت لە لەشیاندا بەتایبەتی لەو كەسانەی كە نەخۆشی گیرانی خوێنبەرەكانیان هەیە.




وشە - ئاوات ئازاد