وەزارەتی تەندروستی بڵاوبوونەوەی جۆرە نەخۆشییەك ڕەت دەكاتەوە

:: AM:09:06:15/01/2019 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوونی جۆرە نەخۆشییەكی دەگمەن و بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی كوردستان ڕەت دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ئەو شتەی باس دەكرێت تەنیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی كانوونی دووەم، خاڵس ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵێكی ناڕاست بەناوی وەزارەتی تەندروستی بڵاو كراوەتەوە لەبارەی نەخۆشییەكی كوشندەی نەناسراو (گوایە) لەڕێی كێشانی نێرگەلە لە كافێكان تووش دەبێت.

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی گوتی، لەگەڵ ئەوەی ئێمە هەمیشە داوا دەكەین هەمووان دوور بن لە كێشانی جگەرە و نێرگەلە، چونكە هۆكاری سەرەكی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و جەڵتەكانی دڵ و مێشك و بڕینەوەی قاچەكان و نەزۆكی و مردنی پێشوەختەیە.

ئاشكرای كرد، ئەو هەواڵەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوورە لە ڕاستی و هۆشداری وا لە وەزارەتی تەندروستی نەدراوە و جۆرە نەخۆشییەكی لەو شێوەیەش نییە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەك هەیە بەناوی (sol) گوایە كاریگەری زۆر خراپ دەكاتە سەر تەندروستی هاووڵاتییان و لە ڕێی كێشانی نێرگەلە دووچاری هاووڵاتییان دێت.



وشە - رامیار جەواد