شه‌قامه‌كه چاڵڕێژه
ماوه‌یه‌كه رێی نێوان هیران-هیزۆپ چاڵی گه‌وره گه‌وره‌ی تێكه‌وتووه و تا دێ ژماره‌ی چاڵه‌كان زیاتر ده‌بێت. ئه‌و رێیه كه شه‌قڵاوه به سنووری سلێمانی ده‌به‌ستێته‌وه، فه‌رامۆش كراوه و له‌و وه‌رزی زستانه‌دا ئاو چاڵه‌كانی پڕ كردوونه‌ته‌وه، داوێكن و له چاوه‌ڕوانی شۆفێر نراونه‌ته‌وه.
شارۆكه‌ی شه‌قڵاوه /٥٠ كیلۆمه‌تر باكوری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر/، له هاویندا كه‌شوهه‌وایه‌كی فێنك و مامناوه‌ندی هه‌یه و به‌رزترین پله‌ی گه‌رمی ٣٠ بۆ ٣٥ پله تێپه‌ڕ ناكات، هه‌ڵكه‌وته و سروشته‌كه‌ی گه‌شتیارانی كوردستان و عێراقی بۆ خۆی كێش كردووه. رێی سه‌ره‌كی ئه‌و ناوچه گه‌شتیارییه به سنووری سلێمانییه‌وه، رێی هیزۆپ- هیرانه.
هه‌رچه‌نده له هیزۆپه‌وه بۆ هیران ته‌نیا ٢٤ كیلۆمه‌تره، به‌ڵام ئه‌و مه‌ودایه ئه‌گه‌ر به یه‌ك كاتی ته‌واو ببڕی، هێشتا چانست بووه. ئاخر ڕێیه‌كه به جۆرێك خراپ بووه له زۆر شوێنی، ڕێیه قوڕینه‌كه‌ی ته‌نیشت شه‌قامه‌كه بۆ ده‌رچوون گه‌لێك له شه‌قامه‌كه باشتره و یه‌ك پارچه چاڵڕێژه. شه‌قامه‌كه به جۆرێكه هه‌ندێك شوێنی وه‌ك ئه‌وه‌ی به ئه‌نقه‌ست تێك درابێت، قیره‌كه‌ی زیاتر له ٣٠ سانتیمه‌تر به‌رز بووه‌ته‌وه و خۆڵ و گڵی بن قیره‌كه‌ش ١٥ سانتیمێك هه‌ڵكه‌نراوه.
ئه‌و شه‌قامه كه زیاتر له ١٠ گوندی به‌سه‌ره‌وه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێكدادانێكی دوو زلهێزی جیهان تێیدا ڕووی دابێت، به درێژایی شه‌قامه‌كه شوێنه‌واری دوای جه‌نگێكی سه‌خت پێشان ده‌دات.
چاڵه‌كان زۆر و به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ن، كاتێك له هیزۆپه‌وه ڕووه‌و شه‌قڵاوه ده‌ڕۆی، تا ده‌گه‌یه ناوچه‌ی گه‌شتیاری هیران، چاڵ و چۆڵی گه‌وره پێشوازیت ده‌كه‌ن. چاڵه‌كان یه‌ك و دوو نین و به‌رده‌وام بۆت له بۆسه‌دان. له‌و وه‌رزی زستانه‌دا كه باران چاڵه‌كانی پڕ كردوونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ شه‌قامه‌كه دیار نین و هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانی به ڕمبه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كه‌ویته ناویانه‌وه. به‌هیچ جۆرێك بواری لادانت نییه و زۆربه‌ی شوێنه‌كان له‌وبه‌ر بۆ ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه چاڵ بوونه. خۆ ئه‌گه‌ر ته‌واو شاره‌زای ڕێیه‌كه نه‌بیت و كه‌مێك بێ ئاگایی و لێدانی چاڵێك، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دووره‌ده‌سته‌دا په‌كت بخات.
هه‌رچه‌نده به‌هۆی كرانه‌وه‌ی رێی سماقوڵی، ئه‌و رێیه هاتوچۆی سه‌ره‌كی هه‌ولێر و سنووری ڕاپه‌ڕینی له‌سه‌ر نه‌ماوه، به‌ڵام ڕۆژانه كه‌م نین ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌وێوه هاتوچۆ ده‌كه‌ن. له‌م ماوه‌یه‌شدا كه به‌هۆی ڕێژه‌ی زۆری بارانه‌وه، لایه‌كی ڕێیه‌كه كاتییه هه‌شت ساڵییه‌كه‌ی به‌نداوی سماقوڵی ژێرئاو خستووه، زۆر ئۆتۆمبێل له‌و ڕێیه‌وه هاتوچۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام چۆن هاتوچۆیه‌ك، دوژمنه‌كه‌شت پێیدا ڕه‌ت نه‌بێت.
له كاتی وێنه‌گرتنی هه‌ندێك له چاڵه‌كانی ئه‌و شه‌قامه، ڕێبین كه شوفێر بوو له‌به‌ر قووڵی چاڵه‌كه‌ی به‌رده‌می ته‌واوێك هێواشی كرده‌وه و له ترسی لێدانی بنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌لاونیو هه‌وڵی ده‌ربازبوونی ده‌دا، به ده‌ست ڕاوه‌شاندنه‌وه ده‌یگوت "ئه‌وه كه‌ی رێیه خوا بیبڕێت، ڕۆژ نییه چه‌ند ئۆتۆمبێلێك په‌ك نه‌خات".
عه‌بدوڵا شۆفێرێكی تر بوو كه به‌هۆی ماڵی باوكییه‌وه مانگانه چه‌ند جارێك ئه‌و رێیه ده‌بڕێت، خۆی گوتی "ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌وه حاڵی ئه‌و رێیه‌یه و كه‌سیش به‌لایدا نایه‌ت". ئه‌وه گوته‌ی بازگه‌كانی سه‌ر ئه‌و رێیه‌ش بوون كه ده‌یانگوت ڕێیه‌كه كه‌ڵكی هاتوچۆی نه‌ماوه و زۆرمان هاوار كردووه، به‌ڵام كه‌س نییه گوێت لێ بگرێت.
ئه‌و چاڵ و چۆڵه له كاتێكدایه به‌پێی ڕێنوێنیی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ساڵی ٢٠١٧ـه‌وه، له به‌رانبه‌ر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری هاتوچۆ، له كاتی نوێكردنه‌وه‌ی ساڵنامه‌ی ئۆتۆمبێل، به‌ناوی ڕێگه‌وبان و ژینگه، بۆ هه‌ر ساڵێك بڕی ١٠ هه‌زار له ئۆتۆمبێلی بچووك و ١٥ هه‌زار له بارهه‌ڵگه‌ر وه‌رده‌گیرێ، به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا ئه‌و رێیه ڕوونی ده‌كاته‌وه كه نه‌توانراوه وه‌ك پێویست خزمه‌تگوزاری پێشكه‌شی شۆفێر بكرێت.
چاڵی هه‌ندێك شوێنی مێژوویه‌كی چه‌ند ساڵی پیشان ده‌دات و ده‌ریده‌خات كه ده‌مێكه كه‌س به‌لایدا نه‌چووه. دڵشاد عیماده‌دین حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاككردنه‌وه و پاراستنی ڕێگه‌وبانی هه‌ولێر، ئاماژه بۆ ته‌مه‌نی ڕێیه‌كه ده‌كات كه ته‌واو هه‌ره‌سی هێناوه.
ئه‌و بۆ "وشه" ڕای ده‌گه‌یه‌نێ كه لێره‌وله‌وێ هه‌ندێك شوێن و چاڵی پڕ ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام باران و گۆماو شوێنێكی تر تێك ده‌داته‌وه. به‌گوته‌ی خۆی "به‌دواداچوونمان بۆ رێی هیزۆپ-هیران كردووه و ده‌ركه‌وتووه ئه‌و رێیه پێویستی به هه‌ڵگرتن و سه‌رله‌نوێ چاككردن و قیركردنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ی داراییه‌وه كاری چاككردنه‌وه و قیركردنه‌وه‌ی ڕێگه‌وبانه‌كان به‌گشتی تا ئاستێك وه‌ستاون و تا ئێسته ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی تێچووه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه".
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره ئاماژه‌ی به‌وه دا كه، "به‌و توانایه‌ی له به‌رده‌ستمانه تیمه‌كانمان به‌رده‌وام له پڕكردنه‌وه و چاككردنه‌وه‌ی ڕێگه‌وبانه‌كاندان و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ماوه‌یه‌كی كه‌م و له كه‌شوهه‌وایه‌كی گونجاو‌دا هه‌ر هیچ نه‌بێت چاڵه‌كانی ئه‌و رێیه پینه بكه‌ینه‌وه".
تا دێت ژماره‌ی چاڵه‌كانی رێی هیزۆپ-هیران زیاتر ده‌بن و هه‌رچه‌نده بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی، ئه‌و رێیه پێویستی به بودجه‌یه‌ك هه‌یه كه ڕه‌نگه بۆ ئێسته‌ی دۆخی دارایی كوردستان ئه‌سته‌م بێت، به‌ڵام پڕكردنه‌وه و پینه‌كردنی چاڵه‌كان له توانادایه و تا ئاستێك ئۆخه‌ی به ڕێبواران ده‌دات و شۆفێرانیش له زیان و په‌ككه‌وتنی ئۆتۆمبێله‌كانیان ئه‌رخه‌یان ده‌كات.
به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی چاككردن و پاراستنی ڕێگه‌وبانی هه‌ولێر، له به‌رنامه‌دایه له‌گه‌ڵ نه‌بارین و ده‌ركه‌وتنی خۆر، چاڵه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه.
وشه/ چواس خالید