ورمێ: 40 كچ و كوڕی گەنج لە یانەیەك گیران

:: PM:03:02:26/12/2016 ‌

بەڕێوەبەری پۆلیسی ورمێ هەواڵی گرتنی 40 كچ و كوڕی گەنجی ئەو شارەی لە یانەیەكی شەوانەدا راگەیاند، تاوانی ئەو گەنجانە دەربڕینی شادی و كۆبوونەوە بووە لە دەوری یەكتر.

ئەمڕۆ دووشەم 26ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، ئاژانسی فەرمی كۆماری ئیسلامیی ئێران "ئیرنا" لە زاری حەسەن سەمەدپوور، بەڕێوەبەری پۆلیسی ورمێ رای گەیاند، هاووڵاتییەك بە تەلەفۆن پۆلیسی ئاگادار كردووەتەوە كە كۆمەڵێك گەنج لە هۆڵێكی زەماوەنددا كۆ بوونەتەوە و پۆلیس دوابەدوای ئاگادركردنەوەكە، هەڵیان كوتاوەتە سەر شوێنەكە.

زیاتر روون كراوەتەوە، پۆلیسی ورمێ چووەتە ناو هۆڵەكە و 40 كچ و كوڕی گەنجی گرتووە كە بەیەكەوە لەو شوێنە كۆ بوونەتەوە و نیازیان هەبووە بەبۆنەی لەدایكبوونی یەك لە هاوڕێكانیان، بیكەن بە جەژن و شادی.

لە یاسای كۆماری ئیسلامیی ئێراندا كۆبوونەوەی كچان و كوڕان لە هۆڵێك بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسم یان دەربڕینی خۆشحاڵی قەدەغەیە و وەك بەڕێوەبەری پۆلیسی ورمی ئاماژەی پێ داوە، كەیسی یاسایی بۆ سەرجەم بەشداربووانی ئەو جەژنە كراوەتەوە و رەوانەی دادگا كراوە.

ئەو رووداوە بووەتە هۆی تووڕەبوونی هاووڵاتییانی ورمی و لە تۆڕە كۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەكاندا كاردانەوەی جۆراوجۆری لی كەوتووەتەوە، ماڵپەڕی ئورمیە وەك دەربڕینی ناڕەزایی لەو كردارەی پۆلیس نووسیوویەتی، لە ئێران گەنجان ئازادن لە دەوری یەك كۆ ببنەوە و بەبۆنەی كۆچی ئیمامێكی شیعە بە چەقۆ لەشی یەكتر لەت لەت بكەن، بەڵام رێگە لە دەربڕینی خۆشحاڵی 40 گەنج دەگرن كە بۆ جەژنی لەدایكبوونی هاوڕێیەكیان كۆ بوونەتەوە.

سەرچاوە/رادیۆ فەردا


وشە - هیدایه‌ت جان