سووریا.. كورد لە كوێی پلانی نوێی ئەمەریكان بۆ ناوچەكە؟

:: PM:07:21:15/01/2019 ‌

دوای بڕیارەكەی كۆتایی ساڵی رابردووی دۆناڵد ترەمپ بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمەریكا كە پاڵپشتی سەرەكی كورد بوون لەو وڵاتە لە بەرانبەر داعش و سوپای توركیا و حكوومەتی سووریا، متمانەی كورد بەو هاوپەیمانیەتییە گومانی تێكەوت، بەتایبەتی لە سایەی بەردەوامیی هەڕشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانیان لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا كە چواریەكی رووبەری سووریا پێكدێنێت. 

لە ماوەی رابردوودا زانیاری و راپۆرتەكانی هەواڵ باسی جموجۆڵەكانی كوردیان كرد بە ئاراستەی رووسیا و حكوومەتی سووریا بەهیوای گەیشتن بە رێككەوتن بۆ پاراستنی ناوچەكانیان لە هەڕەشەكانی توركیا و هاوكات پارێزگاریكردن لەو دەستكەوتە سیاسییانەی تا ئێستە بەدەستیان هێناوە.

بڕیارەكەی ترەمپ لە 19ی مانگی رابردوو بە جێبەجێكردنی بڕیاری پاشەكشەكردنی هێزەكانی لە سووریا ئەگەرچی نوێ نەبوو، بەڵام لە وەرگرتنی كتوپڕ خوێندنەوەی بۆ كرا و بووە مایەی ناڕەزایەتی بەرپرسانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانیشی، دوێنێ دووشەم ترەمپ دووبارە لە بڕیارێكی كتوپڕ هەڕەشەی لە توركیا كرد بەوەی ئەگەر هێرش بكاتە سەر كورد كە هاوپەیمانی ئەمەریكان، ئابووری ئەو وڵاتە وێران دەكات كە ئەوە رەخنەی توندی لەلایەن ئەنكەرەوە لێ گیرا.

دەسەڵاتی پەكینەكانی پاراستنی گەل لە سووریا دوای چوونی بۆ ناو ریزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەركردایەتی ئەمەریكا لە سووریا زیاتر بوو و بووە پێكهاتەی سەرەكیی هێزەكانی سووریای دیموكرات كە سنووری دەسەڵاتەكانی گەیشتە منبج و رەقە و دێرزوور و ئێستە ژمارەی هێزەكانی دەگاتە 70 هەزار چەكدار.

ئەگەرچی سەرانی كوردی سووریا دەڵێن كە مەبەستی ئەوان خۆبەڕێوەبەرییە نەوەك سەربەخۆیی، بەڵام لەلایەن توركیا دووژمنایەتییەكی زۆر دەكرێن بەوەی هاوبیرۆكەن لەگەڵ پەكەكە، هەرچی حكوومەتی سووریایە كە بەر لە تەنگژەی سووریا كوردی بە سیاسەتێك و شێوەیەكی رێكخراوە دەچەوساندەوە، دوای تەنگژەكەوە لەگەڵ یەپەگە تەنیا چەند رووبەڕووبوونەوەیەكی ئاسایی نەبێت، جەنگیان نەكرد و لە چەند ناوچەیەكی وەك حەلەب هاوكاریش بوون. لەو كاتەی فەرماندەیەكی یەكینەكان گوتبووی كە كێشەیان لەگەڵ حكوومەتی ئەسەد نییە ئەگەر مافی كورد لە سووریا مسۆگەر بێت. لەو كاتەی دیمەشق بەرهەڵستی خۆبەڕێوەبەری كورد دەكات.  

گەورە بەرپرسێكی كورد لە ماوەی ئەم مانگە گوتبووی كە دەسەڵاتی كورد لە سووریا نەخشەرێگایەكیان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەسەد لە كۆبوونەوەی دوایی لە رووسیا پێشكەیش كردووە و چاوەڕوانی وەڵامدانەوە دەكەن، وەزیرێكی حكوومەتی سووریا گەشبینی بە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كورد پێشان دا كە دۆخەكە گونجاوە بۆ ئەو كارە، لەو كاتەی ئەو خاكەی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا و كورد بەشی زۆری خاكی سووریا پێك دێنن، بۆیە ئەگەر رووسیا بیەوێت دەتوانرێت دووبارە نەخشەی ئەو وڵاتە رێك بخرێتەوە، ئەگەرچی ئەوە كۆتایی جەنگەكە نییە كە دووژمنی هاوبەشیان هەر دەمێننەوە لە داعش و گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە توركیا و سوپای توركیا خۆیشی كە كۆتاهێنان بەوانە لەناو سووریا ئامانجی هاوبەشی هەردوولایە. 

بە سەیركردن و تێڕامانی گۆڕانكارییەكانی دوایی سەر گۆڕەپانی سووریا دەبینرێت كە زلهێزەكان بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان رۆڵ دەگۆڕنەوە و یارییەكە بەرەو پێش دەبەن، بۆیە دوای هەشت ساڵ جەنگ، وا دەبینین كە تەنگژەكە دەچێتە قۆناغی پێشكەوتوو تر و رێكخستنی مەیدانی سەربازی و سیاسی نوێ بەدی دەكەین. بەتایبەتی دۆسیەی كورد كە لەدوای بڕیارەكەی ترەمپ چەندان پرسیار هاتە ئاراوە كە دوای ئەمەریكا لەلایەن توركیا و حكوومەتی سووریاوە چیان بەسەر دێت؟. 

گۆڤاری "لوبوان"ی فڕەنسایی لەو بارەوە دۆسیەكی تایبەتی بە ناونیشانی "رۆژئاوا دەستبەرداری كورد بوون" بڵاو كردەوە و تیایدا دەڵێت، ماڵباتەكانی كوردی عەفرین كە پەنایان بۆ فڕەنسا بردووە بەنیازن سكاڵا لە دژی توركیا پێشكەیش بكەن بە تۆمەتی پاكتاوی رەگەزی كە كوردی ئەو شارەیان رفاند و ئازاریان دان و موڵكوماڵیان تاڵان كردن، كە هەموو ئەوان تاوانن لە دژی مرۆڤایەتی.

گۆڤارەكە روونی كردەوە كە توركیا دوای گرتنی عەفرین بەربوومی زەیتوونی تاڵان كردووە كە بەهاكەی 130 ملیۆن یۆرۆ بووە و 200 هەزار كوردیشی لە ناوچەكە دەربەدەر كردووە كاتێك لە 18ی ئازاری 2018 عەفرینی كۆنترۆڵ كرد لە ئۆپراسیۆنی سەربازی "چڵە زەیتوون".

ئەوانەی سەرەوە وێنەیەكی خراپیان دایە سوپای توركیا لە سووریا بەتایبەتی لە بەرانبەر كورد، هاوكات لە سایەی بێ دەنگی رووسیا و هەوڵە ژێربەژێرییەكانی بۆ رێككەوتنی كورد و حكوومەتی سووریا و كۆتاهێنان بە بوونی توركیا و ئێرانیش لەو وڵاتە، ئەمەریكا وەك هاوئاهەنگییەكی شاراوە لەگەڵ رووسیا لە زاری بەرپرسانی باڵای وەك جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و تەنانەت خودی سەرۆك ترەمپیش توركیا لە شێواندنی پلانەكانی لە سووریا وریا دەكاتەوە، بەتایبەتی دوای دووپاتكردنەوەی توركیا بە بەردەوامی پلانەكی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر كورد و رۆژهەڵاتی فورات. 

بەم دواییە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەشتێكی بۆ نۆ دەوڵەتی عەرەبی ئەنجام دا، ئەو هەڵوێستەكانی پێوا و كەیشت بە لێكگەیشتن لەبارەی چەند پرسێكی ستراتیجی، بەتایبەتی دوای بڕیارەكەی دوایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی پاشەكشەكردنی هێزەكان لە سووریا، هەموو ئەوانەیش رەنگە ئاماژەیەك بن بۆ ئەوەی ناوچەكە لە گۆڕانكارییەكی گەورە لە دوای گەشتەكەی پۆمپیۆ نزیك دەبێتەوە، دوورتر لە دۆسیەی سووریا و دۆزی كورد و رازیكردنی توركیا.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل