شاندی وڵاتان بۆچی بەرەو عێراق و هەرێمی كوردستان كێبەركێیانە؟

:: PM:09:28:16/01/2019 ‌

لە دیمەنێكی بێ وێنەدا عێراق و هەرێمی كوردستان جموجۆڵێكی چڕی سەردانی دیپلۆماسیانەی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەخۆیانەوە دەبینن، كە لە سەرەتای 2019ەوە و لە دوای سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتە عێراق، دواتر جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران و عەبدوڵای كوڕی حوسێن شای ئوردن و فان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فڕەنسا سەردانی عێراقیان كرد، جیا لە راگەیاندنی سەردانی چاوەڕوانكراوی ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا و حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران و رەنگە هیترشیان بەدواووە بێت، بەڵام بۆچی؟. 

سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران كەوتە دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا راستەوخۆ، ئەوەیش پرسیاری لەبارەی هەردوو سەردانەكەوە دروست كرد بەوەی هەرلایەكەیان هەوڵی راكێشانی عێراق بۆ لای خۆی دەدات، پۆمپیۆ داوای لە عێراق كرد لە ئێران دوور بكەوێتەوە، بەتایبەتی كە دووەم وادەی بەخشینی لە جێبەجێكردنی سزاكان نزیك بووەتەوە، لەو كاتەی زەریف چەندا كرێبەستی وەبەرهێنانی واژوو كرد، سەردانەكەیشی بەر لە كۆنگرەی وارسۆیە كە ئەمەریكا مانگی داهاتوو لە دژی ئێران سازی دەكات. 

سەردانی وەزیری دەرەوەی فڕەنسا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان تیایدا دووپات لە پێوەندییەكانی فڕەنسا بە هەردوولا و پاڵپشتییەكانی لە رووی ئابووری و تەناهییەوە كرایەوە، شای ئوردنیش لە یەكەم سەردانی بۆ عێراق دوای 10 ساڵ چەندان پرسی تاوتوێ كرد لە پێشەوەیان پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان و نەهێشتنی تیرۆر.  

لەبارەی هۆكاری ئەو سەردانانە سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیدارێكی بەشی كوردی دەنگی ئەمەریكا باس لە هۆكاری سەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتان بەم دواییە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ، ئێستە هەرێمی كوردستان یاریكەرێكی بەهێزە لەو گەمە سیاسییەی لە ناوچەكە ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەی هەولێر هەمیشە شوێنێك بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی عێراق و سەرۆك بارزانی، توانوویەتی رۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكان یان لە راگرتنی هاوكێشەكان لە عێراق.

دووپاتی كردەوە، عێراق وڵاتێكی گرنگە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سەقامگیرییەكەی واتە سەقامگیری ناوچەكە، چونكە هەموو لایەك مەترسی ئەوەیان هەیە دووبارە ناكۆكی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بێت كە رێخۆشكەرە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و هاوشێوەكانی. 

دزەیی دووپاتی كردەوە، سەرانی سیاسی كورد ڕۆڵی كاریگەرییان هەبووە لە بنیاتنانی عێراقی نوێ، ئەوەیش وای كرد سەردانی شاندەكان بۆ بەغدا هەرێمیش بگرێتەوە، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە شەڕی داعش، جیا لەوەی هەرێمی كوردستان لە رووی وزەوە لە سەر نەخشەی وزەی جیهانی كەم تا زۆر توانوویەتی جێی خۆی بكاتەوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە ناوچەكە ڕوودەدەن كە هەرێمی كوردستان پشتیوانی ئەو گۆڕانكارییانەیە و ئەمەیش وای كردووە كە هەرێمی كوردستان سەنگی خۆی لە ناوچەكەدا هەبێت.

بۆیە هەرێمی كوردستان یاریكەرێكی بەهێزە لەو یاریە سیاسییەی كە لە ناوچەكەدا ئەنجام دەدرێت، جگە لەوەی هەولێر هەمیشە شوێنێك بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی عێراق و رۆڵ و كەسایەتی سەرۆك مەسعوود بارزانی توانوویەتی رۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لە چارەسەركردنی كێشەكان و راگرتنی هاوكێشەكان. دزەیی وای گوت.

لەوكاتەی عەلی فەزلوڵا، شرۆڤەكاری ستراتیجی عێراقی دەڵێت، عێراق لە رووی ئابوورییەوە یەكێكە لە ناوەندەكانی وزەی دنیا بەتایبەتی لە بەرهەمهێنانی نەوتەوە و ئەو داهاتوویەكی باشیشی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی گاز، جیا لە شوێن و پێگە گرنگە جوگرافییەكەی كە وای كردووە ببێتە دەوڵەتێكی گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەبینین كە شاندی ئەمەریكا و ئەوروپا و ئاسیا و جیهان سەردانی دەكەن و گرنگی پێ دەدەن. 

زیاتر گوتی، جیا لەوە هەوڵێكی ئەمەریكایی و ئێرانی هەیە بۆ راكێشانی عێراق بەلای خۆیانەوە و ململانێی نێوانیان گرنگی عێراقی زیاتر كردووە، چونكە خاڵێكی تەوەرییە لە ناوچەكە، جیا لەوەی زۆرینەی وڵاتان بیر لەوە دەكەنەوە بێنە ناو بازاڕی عێراق كە پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوەی ژێرخانەكەی هەیە، بۆیە چاویان لە پڕۆژەكانە لە كەرتە جیاجیاكاندا.

لای خۆیەوە كەریم بەدر، توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەو سەردانانە تەنیا پێوەست نین بە پێوەندی دیپلۆماسییەوە، بەڵكو بۆ سازكردنی گرێبەست و رێككەوتننە و ئاماژەیەكن بەوەی عێراق خەریكە دۆخی لە ناوچەكەدا باشتر دەبێت وەك یاریكەرێكی گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە جموجۆڵێك لەلایەن وڵاتانەوە هەیە بۆ راكێشانی عێراق بەلای خۆیاندا، بۆیە سیاسەتوانانی عێراق لە نێوان هەردوو جەمسەری ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی و رووسیا و ئێرانن و تۆپەكەیش لە یارگەی ئەواندایە و پێویستە بڕیار بدەن.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل