"ئه‌گه‌ر ئاوا له فه‌رمانبه‌ری حكوومه‌ت بكه‌ن ده‌بێ هاووڵاتی حاڵی چۆن بێت"
پۆلیسێكی هاتوچۆ، له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا ئاشكرای ده‌كات كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی فه‌لاقه‌یان كردووه و ده‌پرسێ، ئه‌وان ئه‌گه‌ر ده‌ستیان له پۆلیس نه‌پارێزن، چۆن ده‌ستیان بۆ هاووڵاتی پارێزراو ده‌بێ.
پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌م، په‌یجه‌كانی شاری به‌غدا، ڤیدیۆی پۆلیسێكی هاتوچۆیان بڵاو كرده‌وه كه ده‌موچاوی هه‌مووی خوێنه و به ده‌نگێكی هاواره‌وه باس له ڕووداوێكی خۆی ده‌كات كه به پێنج میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی له ناو شاره‌كه لێیان داوه و ده‌ڵێ، په‌یامێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌ركۆمار، وه‌زیری ناوخۆ و هه‌موو پیاوانی ده‌وڵه‌ت ده‌نێرم، من پۆلیسی هاتوچۆم، له كاتی ئه‌ركه‌كه‌مدا ده‌ستدرێژیم كرایه سه‌ر و له‌به‌رده‌م هاووڵاتیاندا لێیان دام.
ئه‌و ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر من كه پیاوی ده‌وڵه‌تم، سووكایه‌تیم پێ بكرێ و لێم بده‌ن و پله‌كانی سه‌ر شانم لێ بكه‌نه‌وه، ده‌بێ هاووڵاتیی قوربه‌سه‌ر چی به‌سه‌ر بێت. سه‌یر بكه‌ن ئه‌مه دۆخی فه‌رمانبه‌رێكی خۆتانه.
ئه‌وانه‌ی لێیان داوه، سه‌ر به هێزه‌كانی دژه‌لادانن له شاره‌كه، به‌ڵام به‌پێی سه‌رچاوه عێراقییه‌كان، ئه‌و هێزانه به‌شێكن له حه‌شدی شه‌عبی.
له دوای ڕزگاربوونی شاره‌كانی عێراق له‌ده‌ست ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك هێزی یه‌كه‌می عێراق، له جیاتی سوپای فه‌رمی، له‌جیاتی دژه تیرۆر و له‌جیاتی پۆلیسی ناو شاره‌كان بڕیار له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌ده‌ن و پێشێلی یاسا ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی حكوومه‌ت (وه‌ك ئه‌م پۆلیسه) ڕێگرییان لێ بكات، ئه‌گه‌ری هه‌یه بیكوژن و ده‌یان به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌و كارانه تۆمار كراون.
حكوومه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی داوه، ئه‌و دۆخه بگۆڕێت و ده‌وڵه‌ت بخاته سه‌ر دۆخێكی یاسایی و قه‌واره‌ی حه‌شدی شه‌عبی بچووك بكاته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ په‌رله‌مانتارێكی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران نییه و هێشتا ئه‌وانه‌ی پشتیوانی له حه‌شد ده‌كه‌ن باڵاده‌ستن، چاودێران پێیان وایه، ناتوانێ گۆڕانكارییه‌كانی بكات.