ئیسڕائیل و ئێران تادێت نێوانیان گرژتر دەبێت.. لە رووی سەربازییەوە كامیان بەهێزترن؟

گرژییەكانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران تا دێت زیاتر دەبێت و هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر سووریاش زیاتر، ئەو دوو دەوڵەتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوو وڵاتی زلهێزن لە رووی سەربازییەوە، بەڵام توانای سەربازی كامیان بەهێزترە؟.

بوونی هێزەكانی ئێران لە سووریا بەلای ئیسڕائیل گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، ئەمە وایكردووە لە ماوەی نزیكی رابردوودا فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل چەندان هێرشی مووشەكی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەو هێزانە ئەنجام بدات، خەریكە ئەو هێرشانە دەبێتە رۆژانە. ئەمە لە كاتێكدایە عەزیز نەسیر زادە سەركردەی هێزی ئاسمانی ئێرانی هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسڕائیل بكات، رای گەیاند هێزی گەنجانی ئاسمانی ئێرانی بەوپەڕی پەرۆشی و ئارام گرتنەوە چاوەڕوانی رووبەڕوو بوونەوەی ئیسڕائیل دەكەن بۆ سڕینەوەی لەسەر نەخشەی زەوی.

لە بەرانبەر هەڕەشەكانی بەرپرسانی ئێرانی، بنیامین ناتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل رای گەیاند، ئەوانەی هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسڕائیل دەكەن رووبەڕووی سزای توند دەبنەوە، گوتی "هیچ كات ئەو كردارانەی دوژمنان و هەوڵەكانی ئێران لەبیر ناكەین كە هەوڵی سەپاندنی هەژموونی سەربازی خۆیان لە سووریا دەدەن، نایشارنەوە كە مەبەستی هەبوونی هێزیان لە سووریا بۆ لەناوبردنی ئیسڕائیلە وەك فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە وا دەڵێت".

ناتنیاهۆی هێمای بۆ ئەوەشكرد كە ئیسڕائیل دژی ئێران و سوپای سووریا دەجولێت كە یارمەتیدەری دوژمنكارانەی ئێران دەكات، بۆیە هەر كەسێك ویستی ئازاردانی ئیسڕائیلی هەبێت ئەوا ئازاری دەدەین، ئەوەیشی هەڕەشەی لەناوبردنمان بكات ئەوا سزای دەدەین.

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەكە لە دنیادا ماوەی 100 ساڵ زیاترە هەمیشە نا سەقامگیرە، ئەمەش وایكردووە وڵاتانی ناوچەكە توانایەكی دارایی و مرۆیی زۆر بۆ بەهێز كردنی سێكتەری سەربازی خەرج بكەن. جگە لە ئیسڕائیل و ئێران، لەم راپۆرتەدا تیشك دەخەینە سەر توانای سەربازی توركیا و میسڕ وەك دوو وڵاتی زلهێزی ناوچەكە، بەراوردیان دەكەین.

بەپێی پۆڵینی ماڵپەڕی "گلوبال فایەر پاوەر"ی سەربازی، كە ماڵپەڕێكە گرنگی بە توانای سەربازی وڵاتان دەدات، ئێران لە 2018 لە رووی سەربازییەوە زۆر پێشكەوتووە و ئەگەرچی لە 2017 لە ریزبەندی 21كەمین وڵاتی دنیا بوو، بەڵام لە 2018 هاتووەتە ریزبەندی 13هەمینی دنیا. لە بەرانبەریشدا ئیسڕائیل كە لە پلەی 15هەمینی دنیا بوو لە 2017، لە 2018 خانەیەك بەرەو دواوە چووە و ئێستە لە پلەی 16هەمینی دنیا دایە، لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە پلەی چوارەم دایە دوای توركیا، میسڕ و ئێران.

بودجەی وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل، 20 ملیار دۆلارە، سوپاكەی 615 هەزار سەربازی پیادەیە و 170 هەزاری لە خزمەت دایە و 445 هەزاری یەدەگە. خاوەنی 252 فڕۆكەی سەربازی شەڕكەرە، 95 فڕۆكەی سەربازی بارهەڵگری هەیە و 152 فڕۆكەی راهێنانیشی هەیە، جگە لەمە لە هێزی ئاسمانیدا خاوەنی 48 هەلیكۆپتەری شەڕكەرە.

سەبارەت بە هێزی وشكانی و تۆپهاوێژەكانی، خاوەنی دوو هەزار و 670 تانك، 10 هەزار و 500 زریپۆش، 300 تۆپ هاوێژی پێشكەوتوو و 146 راجمەی مووشەك هاوێژ.

لە رووی هێزی دەریاییەوە، خاوەنی سێ كۆرفیت یان كەشتی سەربازییە، شەش ژێر دەریایی سەربازی، 32 بەلەمی شەڕكەر و 65 پارچە چەكی تری دەریایی.

هەرچی سوپای ئێرانە، بودجەكەی تەنیا شەش ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری ساڵانەیە، هێزی وشكانییەكەی لە 934 هەزار سەرباز پێك دێت كە 534ی لە خزمەت دایە و 400ی یەدەگە.

لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، ئێران خاوەنی 158 فڕۆكەی هێرشبەرە، 192 فڕۆكەی گواستنەوە و 101 فڕۆكەی راهێنان و 12 هەلیكۆپتەری جەنگی.
لە رووی تۆپهاوێژەوە، خاوەنی هەزار و 650 تانك، دوو هەزار و 215 زریپۆش، دوو هەزار و 188 تۆپهاوێژی پێشكەوتوو و هەزار و 533 راجمەی مووشەك هاوێژ. ئێران لە رووی هێزی دەراییەوە، خاوەنی پێنج كەشتی سەربازی، 33 ژێر دەریایی سەربازی، 230 بەلەمی سەربازی شەڕكەر و 10 كەشتی پووچەڵ كردنەوەی بۆمبە چێنراوەكانی ناو دەریای هەیە.

پێوەند بە توركیا و میسڕ و سعوودیە، ئەوا توركیا پێشەنگی بەهێزترین وڵاتە لە رووی سەربازییەوە لە ناوچەكەدا، پاشان میسڕ.
توركیا، لە پلەی یەكەمی ناوچەكە و نۆیەمی دنیا دێت، بودجەی سەربازی ئەو وڵاتە 10 ملیار دۆلارە، خاوەنی 710 هەزار و 500 سەربازە، لەم ژمارەیەدا 350 هەزاری لە خزمەت دایە و ئەوەی تریشی یەدەگە.
لە رووی هێزی ئاسمانییەوە، خاوەنی 207 فڕۆكەی جەنگی، 445 فڕۆكەی گواستنەوەی سەربازی، 287 فڕۆكەی راهێنان و 54 هەلیكۆپتەری جەنگییە. لە رووی هێزی تۆپهاوێژەوە، خاوەنی دوو هەزار و 446 تانك، نۆ هەزار و 31 زریپۆش، 872 تۆپهاوێژی پێشكەوتو و 418 راجمەی مووشەك هاوێژ.

لە رووی هێزی دەریاییەوە، خاوەنی 16 كەشتی جەنگی، 12 ژێر دەریای سەربازی، 34 بەلەمی جەنگی و 11 كەشتی پووچەڵ كردنەوەی بۆمبی چێنراوی دەریاییە.

هەرچی میسڕە، لە ئاستی ناوچەكە لە ریزبەندی دووەم دێت و لە ئاستی دنیاش لە ریزبەندی 12هەمین دێت دوای ئەوەی پاشەكشەی كرد لە 10 بەهێزترین سوپا لە دنیا. میسڕ بودجە سەربازییەكەی چوار ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە، هێزی پیادەی ئەو وڵاتە ملیۆنێك و 300 هەزار سەربازە كە 454 هەزار و 200 سەربازی لە خزمەت دایە و ئەوانی تریش یەدەگن.
توانای هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە خاوەنی 409 فڕۆكەی شەڕكەر، 183 فڕۆكەی گواستنەوە، 384 فڕۆكەی راهێنان و 10 هەلیكۆپتەری شەڕكەر.
توانای هێزی تۆپهاوێژەكان، میسڕ خاوەنی چوار هەزار و 946 تانك، 15 هەزار و 600 زریپۆش، دوو هەزار و 189 تۆپهاوێژی پێشكەوتوو و هەزار و 216 راجمەی مووشەك هاوێژ.
هێزی دەریایی میسڕی لە نۆ كەشتی سەربازی، شەش  ژێر دەریایی، 53 بەلەمی شەڕكەر، 23 كەشتی پووچەڵ كردنەوەی بۆمبی دەریایی، پێكهاتووە.



وشە - فه‌رمان سادق


PM:06:01:22/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 3456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌