شاندێكی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ڕۆیشتوون بۆ ئێران

:: AM:09:04:28/12/2016 ‌

وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان، شاندێكی 30 كەس كە زۆرینەیان رۆژنامەنووسان و میدیاكاری هەرێمی كوردستانن، وەك نوێنەری خۆی رەوانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات بۆ ئەوەی سەردانی دامەزراوە میدیایییەكانی ئەو حكوومەتە بكەن. نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەمە بە "پێشێلكردنی یاساكانی هەرێمی كوردستان دەزانێت" كە لەلایەن ئەو وەزارەتەوە ئەنجام دراوە.

ئێوارەی رۆژی دووشەم 26ی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، شاندێكی 30 كەسی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان كە زۆربەیان میدیاكاران، بەبێ ئاگاداری سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بەرەو ئێران بەڕێ كەوتن، ئەوە لە كاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەوانی و یاسای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، هەر رۆژنامەنووسێك بیەوێ وەك شاند سەردانی وڵاتانی دەرەوە بكات، دەبێ بە ئاگاداری و هاوئاهەنگی سەندیكای رۆژنامەنووسان بێت.

فەرهەنگ گۆمەشینی گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" روونی كردەوە، "ئەو شاندە لە چوارچێوەی هاوكاری و هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی رۆشنبیریی كوردستان و ئێران چوونەتە تاران، شاندی كۆماری ئیسلامییش ناوە ناوە دێن و لە شارەكانی كوردستان پێشانگە دەكەنەوە و كار و چالاكیی كولتووری و هونەریی ئەنجام دەدەن".

گۆمەشینی پێی وایە، كورد لەگەڵ نەتەوەی فارس مێژوو و كولتووری هاوبەشی هەیە و ئاشكرای دەكات: "ئەو شاندە بە بانگهێشتی فەرمیی كۆماری ئیسلامی و وەك نوێنەری وەزارەتی رۆشنبیری چوونەتە ئێران بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك دیدار و گفتوگۆ و چالاكی لەو وڵاتە، شاندەكە پێك هاتوون لە كۆمەڵێك رۆژنامەنووس و نووسەر و فەرمانبەری وەزارەتی رۆشنبیری".

بەپێی یاسای رۆژنامەوانی كوردستان، هەر رۆژنامەنووسێك لەگەڵ شاندی حكوومەتی هەرێم سەردانی وڵاتان بكات، دەبێ ئاگاداری و رەزامەندی سەندیكای وەرگرتبێت، بەڵام نەقیبی رۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەدات كە "بەهیچ شێوەیەك لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە پرسمان پێ نەكراوە".

گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەیشی دركاند كە "لیژنەیەك پێك هێنرابوو بۆ ئەوەی داوا لە خەڵك بكەن لەگەڵ ئەو شاندە بچن بۆ ئێران، داوا لە زۆر كەس كراوە و نەهاتوون، واتا ئەو سەردانە ئارەزوومەندانە بووە لە نێوان وەزارەت و ئەو شاندەی پێك هاتووە".

ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بۆ "وشە" دەڵێ: "ئێمە پێشتر لەگەڵ كۆنسوڵخانەی ئێران رێككەوتنمان هەبووە و بەوەی ئەگەر لە لقەكانی سەندیكایشەوە رۆژنامەنووس بانگهێشتی ئێران بكەن، دەبێ بە ئاگاداری و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی سەندیكا بێت".

حاكم ئازاد ئەو هەوڵەی وەزارەتی رۆشنبیری بە دەستوەردان لە كاروباری سەندیكا وەسف دەكات و رای دەگەیەنێت: "ئێمە دژی ئەوەین دەستوەردان لە كاروباری رۆژنامەنووساندا بكرێت و هەر دەزگە و لایەنێك شاندی رۆژنامەوانی بەبێ ئاگاداری سەندیكای رۆژنامەنووسان پێك بێنێت، پێشێلی یاسای كردووە، بەپێی یاسای سەندیكا و بەپێی یاسای رۆژنامەوانی كوردستان، لایەنی سەرەكیی رۆژنامەوانان، سەندیكای رۆژنامەنووسانە".



وشە - هیدایه‌ت جان