دانیشتووانی گه‌ڕه‌كێكی هه‌ولێر تا ئێستە كارەبای نیشتمانییان نییە

:: PM:01:45:28/12/2016 ‌


دوێنێ شەو دانیشتووانی شاری زەیتوون لە هەولێر گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و داوای بەهاناوەچوونی بەرپرسانی شارەكەیان كرد.

بەهۆی نەبوونی كارەبای نیشتمانی، لە شاری زەیتوون بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا 27 هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت، هاوكات چەند ڕۆژێكە بەهۆكارێكی نادیار كارەبای پێویست نادرێتە ئەو هاووڵاتییانە ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشەكیش پارەیان لێ وەرگیراوە.

عەبدوڵا عەلی دانیشتووی شاری زەیتوون بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە، سێ ساڵە خانووەكانیان ڕادەست كراوە و تا ئێستە زۆرینەی خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین نەكراوە. ئەو گوتی هەریەك لە كارەبای نیشتمانی و پارك و ئاو و بەشێكی تری خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین نەكراوە.

ئەو دەڵێت "زیاتر لە سێ ساڵە سەردانی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتی كارەبا دەكەین بەدەم داواكارییەكانمانەوە نەهاتوون و كارەبای نیشتمانییان بۆ دابین نەكردووین، لە ئێستەشدا بەهۆی بوونی گرفتێك كە نازانین هۆكارەكەی چییە كە لە نێوان كۆمپانیا و خاوەن مۆلیدەكە دروست بووە، كارەبامان نەماوە. ئێمە بەردەوام لە كێشەدا بووین، فەرمانگەیەك نییە بۆ بەدواداچوونی كێشەكانمان سەردانمان نەكردبن، بەڵام وەڵامی ئەرێنیمان پێ نەدراوەتەوە."

دانیشتووانی شاری زەیتوون ئاماژەیان بەوەش دا ئەوان بێ ئومێد بوون لە وەڵامدانەوەی بەرپرسانی حكوومی و خاوەنی كۆمپانیاكە، بۆیە بە ناچاری نامەیەكی گلەیی ئامێزی خۆیان بەناوی دانیشتووانی شاری زەیتوون ئاراستەی سەرۆكی هەرێم كردووە و ئێستەش چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆكی هەرێمن و ئومێدێكیان بەو هەیە.

ئەوان گوتیان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تاكە كەسێك كە نەیانبینیبێت، تەنیا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و سەرەڕای ئەوەی كە هەوڵێكی زۆریان داوە نەیانتوانیوە سەركەوتوو بن.

ئەحمەد مەغدید یەكێكی تر لە دانیشتووانی شاری زەیتوون بە گلەیییەكی زۆرەوە گوتی: "تەنیا كەس و خزمانی پارێزگاری تكریت كارەبایان هەیە كە ئەوانیش هەمیشە دەڵێن "نەفرەت لە كوردستان" . خەتێكی تایبەتی كارەبایان بۆ هاتووە، بۆ عەرەبەكان كارەبا هەیە كەچی بۆ ئێمەی كورد نییە." 

دانیشتووانی شاری زەیتوون ئاماژەیان بەوەش دا ، بەهۆی بوونی چاودێری لەسەر شارەكەیان لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە، ناهێڵرێت هیچ ئۆتۆمبێلێكی میوەفرۆشی و غازی حكوومی بێتە نێو شارەكەوە، ئەمەش وای كردووە، بەگران لە دووكانەكانی نێو شارەكە پێداویستی ڕۆژانە بكڕنەوە بۆ نموونە بوتڵی غاز بە نۆ تا 10 هەزار دینار دەكڕن.

هاوكات حوسێن یاسین بەڕێوەبەری كارەبای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان ئەوان  و كۆمپانیای وەبەرهێنەر هەبوو، ڕاكێشانی هێڵی سەرەكیی كارەبا لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبایە تا ئەو وێستگەیەی كە وەبەرهێنەر دایدەمەزرێنێت، بەڵام وەبەرهێنەر ئەو وێستگەیەی دانەمەزراندووە. بۆیە ئێستە وەبەرهێنەر بەقەرز لەسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنان كار بۆ هێنانی وێستگەیەكی مۆبایل كردووە و لە قۆناغەكانی كۆتادایە.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، كۆمپانیاكە پێشنیاری كرد كە وێستگەیەكی مۆبایل دابمەزرێندرێت، ئەوانیش مۆڵەتیان پێ داوە و ئێستە چاوەڕوانی ڕەزامەندین كە لە بری ئەو وێستگە سەرەكییە، وێستگەیەكی مۆبایل دابمەزرێندرێت.

وشە/ ماكوان عیزەت



وشە - سلێمان تاشان