عێراق دەیەوێ سزای ئاوارەكان بدات

:: AM:09:37:10/02/2019 ‌

حكوومەتی عێراق لە ڕێی بڕینی هاوكارییە خۆراكییەكان، هەوڵ دەدات ئاوارەكان ناچار بكات بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و شار و شارۆكەكانی تر جێبهێڵن.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی شوبات، ساڵح كاوێس نوێنەری ڕێكخراوی گەش بۆ هاوكارییەكانی منداڵان و دایكان بۆ "وشە" گوتی، ماوەی دوو هەفتەیە هاوكارییەكانی حكوومەتی عێراق بە بێ‌ هیچ هۆكارێك بۆ چەند كەمپێك كەم بووەتەوە.

نوێنەری ئەو ڕێكخراوە گوتی، كەمپەكانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی كەركووك بۆ ئاوارەكانی گەیارە و مووسڵ ئێستە كێشەی كەمبوونەوەی هاوكارییەكانی حكوومەتی عێراقیان هەیە و هیچ هۆكارێكیش نییە بۆ وەستانی ئەو هاوكارییانە تەنیا ناچاركردنیانە بە گەڕانەوەیان بۆ شارەكانی خۆیان.

ئاشكرای كرد، عێراق دەیەوێ ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی شوێنی كەمپەكانیش بەشێكی بكرێت بە خاڵی سەربازی و كەمكردنەوەی خەرجی لەسەر عێراق، لە كاتێكدا شارەكان بەتەواوەتی وێران بوون و هیچ شوێنێك نییە بۆ ژیانكردن.

دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر عێراق زیاتر لە سێ‌ ملیۆن هاووڵاتی ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق بوونە، تا ئێستەیش نیوەی ئەو ئاوارانە نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان بەهۆی بوونی مەترسی چەكداری لەسەریان.



وشە - رامیار جەواد