مانەوەی داعش بەهۆی ئایدۆلۆجیایە یان بەرژەوەندی یاریكەران؟

:: PM:07:51:10/02/2019 ‌

هێزەكانمان توانیان كۆنترۆڵی تەواوی سنوورەكانی سووریا بكەن، ناوچەكانی جەزیرە لە نەینەوا و ئەنبار كۆنترۆڵ كرانەوە و تەواوی سنوورەكانی سووریا كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی عێراق، سەركەوتن بەدەست هات دوای یەكگرتنی عێراقییەكان و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان، ئەوانە قسەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقن كە لە دیسێمبەری 2017 كردی ئەوكاتەی سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعش راگەیاند.

دوای ئەوە لە سووریایش دۆخەكە لە دژی داعش بەرەو یەكلابوونەوە چوو كاتێك هێزەكانی هەسەدە كە ئەمەریكا پاڵپشتیان دەكات توانیان داعش گەمارۆ بدەن و لە زۆرینەی ناوچەكانی لە سووریا داگیری كردبوون، لێیانی وەدەرنێن و لە چەند ناوچەیەك لە دێرزوور و رۆژهەڵاتی فورات حەشاریان بدەن، هاوكات ماوەیەكی دوورودرێژە سەرانی داعش پەیام رەوانە ناكەن، جا لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوەكەوە بێت كە زانیارییەكان دووپات نەكراوەن لەبارەی كوژران یان برینداربوونی. 

هەروەها توانای راگەیاندنەكانی داعش وەك جاران نەما كاتێك وێنە و تۆمارە ڤیدیۆییەكانی یەكێك بوو لە گرنگترین ئامرازەكانی كە یارمەتی دا لە سەركەوتن و كۆبوونەوەی ئەندامان لە سەرانسەری دنیا لە رێكخراوەكە، ئێستە رێكخراوەكە زۆرینەی ئەو خاكەی داگیری كردبوو، لە دەستی داون و لە رووی ئیدارییەوە قورساییەكی ئەوتۆی لەسەر شانی نەماوە كە هیچ ناوچەیەكی بەدەستەوە نییە، بەڵام لە رووی سەربازییەوە ئەو بەرەو بیابان و ناوچە دوورەدەستەكان پاشەكشەی كردووە، بۆیە چەند پرسیارێك دێنە ئاراوە، ئاخۆ بەراست رێكخراوەكە توانای دروستكردنی مەترسی نەماوە؟، بۆچی بەتەواوەتی لەناو ناچێت؟، هۆكارەكەی مانەوەی ئایدۆلۆجیاكەیتی یان بەرژەوەندی یاریكەران؟.

راستییەكەی رێكخراوی داعش ئێستە مەترسی زیاتر بووە و توانای زیاتری نانەوەی پشێوی هەیە لەبەر چەندان هۆكارەوە، لەوانە تا ئێستە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی نائارامە و پێشتریش ئەو لەو ژینگەوە سەری هەڵدا، تا ئێستە عێراق لە رووی سیاسییەوە دابەشكراوە و توانای بنیاتنانی سیستەمێكی فەرمانڕەوایی دانا و دادوەری نییە و تا ئێستە تایفیەت بڕیارەكانی ئاراستە دەكات. 

هاوكات تا ئێستە دوارۆژی سووریا لەبەردەم چەندان بژارەدا كراوەیە، تەنانەت لەدوای ئازادكردنی رووبەرێكی فرەوان لە رێكخراوەكە، بەڵام دژبەیەكیی ئەجیندای یاریكەران لەسەر گۆڕەپانی ئەو وڵاتە جا نێودەوڵەتی وەك لە نێوان ئەمەریكا و رووسیا یان هەرێمایەتی وەك توركیا و ئێران كە هەموویان دەیانەوێت ئەو وڵاتە بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ئاراستە بكەن، یان لەسەر ئاستی ناوخۆیی لە سووریا و لە عێراقیش كە ئەوانە هەمووی هاندەرن بۆ گەڕانەوەی داعش لە رێگەی فەراهەمكردنی ژینگەیەكی لەبار بۆی. 

رەنگە داعش بۆ داهاتوو ئەو رێنوێنییەی ئەبو موسعەب سووری، سەركردەیەكی كە لەكاتی خۆی پێش دروستبوونی داعش، رێنوێنی قاعیدەی كرد بۆ پێكهێنانی "سرییەكانی بەرگری ئیسلامی لە جیهان"، واتە دابەشكردنی ئەندامانی رێكخراوەكە بە گرووپی شەڕوانی بچووك و گرووپی راگەیاندن و گرووپی پاڵپشتی كە پێدەچێت ئێستە داعش ئەوە بكات و خەریكی خۆرێكخستنەوە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بێت، بۆیە ئەوانەی شارەزای داعشن دەڵێن، راستە داعش توانای سەربازی و راگەیاندنی پاشەكشەی كرد، بەڵام تا ئێستە ئایدۆلۆجیاكەی زیندووە و سوود لە بۆشاییەكان دەبینێت بۆ خۆرێكخستنەوە.

لەلایەكی تر چەند لایەنێكی عێراقی نزیك لە ئێران بە بەردەوام باسی سەرهەڵدانەوەی داعش دەكەن لە چەند ناوچەیەكی عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە سوننەكان، وەك شارەزایان دەڵێن مەبەستی ئەوان لەو جۆرە بانگەشانە دروستكردنی دۆخێكە لە ترس و دڵەڕاوكێ لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و ئەوەیش پاساو و شەرعیەت بە مانەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دەدات و رێگری لە داواكاری خەڵكی ئەو ناوچانە دەكات بۆ پاشەكشەكردنی ئەو هێزانە.

كۆتایی ساڵی رابردوو باسی رێكخراوێكی تیرۆریستی بە ناوی ئاڵا سپییەكان لە ناوچەكانی دوورەدەستی كەركووك و سەڵاحەدین كرا، بەم دواییەیش باسی رێكخراوی "پاسەوانانی ئاین"، لە پارێزگای سەڵاحەدین دەكرێت، ئەوانە لەسەر پاشماوەی رێكخراوەكانی داعش و قاعیدە دروست بوونە، لەو كاتەی سەرچاوەكانی هەواڵگری عێراق دەڵێن، 700 لە چەكدارانی داعش لە بەرزاییەكانی حەمرین خۆیان حەشار داوە، سیاسەتوانێكی سوننە دەڵێت، سووربوونی چەند لایەنێكی عێراقی بۆ قسەكردن لەبارەی دروستبوونەوەی رێكخراوە توندڕۆكان هەوڵێكە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بڵاوبوونەوەی میلیشیاكان لە چەند ناوچەیەك، كاتێك ئەوان كۆنترۆڵی چەند ناوچەیەك لە سەڵاحەدین و كەركووك و دیالە و ئەنبار دەكەن كە زۆرینەی دانیشتوانی سوننەن، ئەوان بە پاساوی پاراستنی شیعە و رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەی داعش لەوێن.   

ئەو سیاسەتوانە دەڵێت، دۆزینەوەی ناوی نوێ بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە عێراق، رێگەیەكی كاریگەرە بۆ نوێكردنەوەی بەردەوامیی مانەوەی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی لە ناوچەكانی سوننە، هاوكات پەردەپۆشكردنی شكستی حكوومەتە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە. چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، سودفە نییە كە حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی هاوڕا بن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان، چونكە حكوومەت توانای ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی نییە كە بەهۆی بوونی حەشدی شەعبی تیایاندا وڵاتان و كۆمپانیاكان ئەو كارە ناكەن.

ئێستە لە عێراق حكوومەت نایەوێت چەكدارانی حەشدی شەعبی بباتە ناو پارێزگا شیعەكان لە ترسی دروستبوونی پشێوی و میلیشیاكانیش هەوڵی مانەوە دەدەن و نایانەوێت بگوترێت ئەركەكانیان كۆتایی هاتووە كە هاوكات بۆچوونی ئێرانیشە، بۆیە دوور نییە لە سایەی بوونی ئەو دۆخە گەنجانی ئەو ناوچانە، ناوچە سوننەكان، خۆیان لە رووی سەربازییەوە رێكبخەن و خۆیان بۆ گەڕێكی تری توندوتیژی لە عێراق ئامادە بكەن.

چاودێرێك دەڵێت، ئەگەر ئەو ناوچانە ئاوەدان نەكرێنەوە و فەرامۆشكردنیان چارەسەر نەكرێت، ئەوە رێكخراوی ترسناكتر لە داعش سەر هەڵدەدەن و ئەوكات حكوومەتی عێراق توانای لەناوبردنیانی زەحمەت دەبێت، چونكە ئێستە ئەمەریكا بە رووبەڕووبوونەوەی ئێران سەرقاڵە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل