جموجووڵەكانی داعش پێشمەرگە و هاوپەیمانانی كۆ كردەوە

:: PM:01:29:11/02/2019 ‌

لە كۆبوونەوەی مانگانەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان گفتوگۆ لەسەر دواین جموجووڵەكانی داعش كرا.

ئەمڕۆ دووشەم 11ـی شوبات، وەزارەتی پێشمەگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، بە سەرپەرشتی كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت ‌و بە ئامادەبوونی نوێنەری هاوپەیمانان كۆبوونەوەی دەوری هاوپەیمانان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

لە كۆبوونەوەكەدا و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت هاوئاهەنگی و هاوكاری هەرێمی كوردستان و وڵاتانی هاوپەیمان لە شەڕی دژ بە داعش، بە گرنگ و پێویست زانی ‌و ئاماژەی بەوە كرد كاری هاوبەش ‌و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوانیان سوود بە هەردوولا دەگەیەنێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا راپۆرتی ژوورەكانی ئۆپراسیۆن و هەواڵگری ‌و میرە خوێنرایەوە و تێیدا ئاماری رووداو و قوربانییەكانی چەند هەفتەی رابردوو خرایەڕوو، هەروەها ئاماژە بە دوا پێشهاتەكانی شەڕی داعش ‌و جموجووڵی ئەو چەكدارانە كرا.

دواتر باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی مەشق‌ و راهێنان كرا كە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بەشێوەیەكی بەردەوام بەڕێوە دەچێت، هاوكات تیشك خرایە سەر گرنگی بەردەوامی مەشقەكان و دابینكردنی پێداویستەكانی ئەو پرۆسەیە.



وشە - رامیار جەواد