كۆسرەت ڕەسوڵ لێدوانی لە سەرجەم یەكێتییەكان قەدەغە كرد

:: PM:01:25:19/02/2019 ‌
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لێدوانی لەسەرەجەم بەرپرسانی یەكێتیی قەدەغە دەكات كە نابێ لەسەر هیچ شتێك لێدوان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن بدەن.

بەپێی نووسراوێكی كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری یەكەم سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە ئەمڕۆ سێشەم 19ـی شوبات بڵاو بووەتەوە هاتووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكێتی ئاگەدار دەكەینەوە، جگە لە لەتیف شێخ عومەر گوتەبێژی یەكێتی هیچ كەسێك لێدوان نەدات.

لە فەرمانەكەدا هاتووە، هیچ كەسێك لە ئەندامان بۆیان نییە لێدوان سەبارەت بە سیاسەتی گشتیی یەكێتیی بۆ هەر مەبەستێك بێت بدەن، بە پێچاوانەی ئەو فەرمانە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

فەرمانەكە ئاڕاستەی دەستەی كارگێڕی و مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی و مەكتەبی ڕێكخستن و مەكتەبە پێوەندیدارەكانی یەكێتیی كراوە بۆ كاركردن پێی.

ئەو فەرمانەی جێگری یەكەمی سكرتێری یەكێتیی لە كاتێكە یەكێتیی لەسەر پرسە سیاسییەكان بەشێی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە لێدوانی ڕۆژنامەوانیان هەیە و زۆرێك لە لێدوانەكان دژ بەیەكن ئەوەیش وایكردووە بڕیارێكی لەو شێوەیە دەربچێت.

لە كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوو سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی حزبەكە دەستی لە پۆستەكەی هەڵگرتوو لەتیف شێخ عومەر لە شوێنەكەی دانرا.





وشە - رامیار جەواد