حیساباتی سیاسی پشت كوشتارگەی سپایكەر


زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر كوشتارگە و تاوانی بنكەی ئاسمانی سپایكەر لە نزیك شاری تكریت سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدینی زۆرینەی سوننەنشین تێپەڕ دەبێت كە تیایدا نزیكەی هەزار و 700 كەس لە 12ی حوزەیرانی 2014 بوونە قوربانی، ئەو رووداوەی دەنگدانەوەیەكی گەورەی لێ كەوتەوە بەهۆی زۆری ژمارەی قوربانیان كە تا ئێستەیش وردەكاری رووداوەكە بە تەواوی روون نییە كە چی روویداوە، ئاخۆ بۆچی ئەو هەموو گەنجە بوونە قوربانی لەو كاتەی فەرماندە سەربازییەكان بە مەترسی داعش و نزیكبوونەوەیان دەزانی، بۆیە ئەگەرێك هەیە بۆ بوونی پیلانێك و حیساباتی سیاسی لە پشتەوەی رووداوەكە.  

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەنجامدانی تاوانەكە لەلایەن داعشەوە كە تیایدا زیاتر لە هەزار و 700 لە قوتابیانی هێزی ئاسمانی عێراق بە دڕندانەترین شێوە كوژران، محەمەد سەعبری، سیاسەتوانی عێراق لە پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنی لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان لەو بارەوە گوتی، ئەوانەی كوژران سەرباز و قوتابی نەبوون، بەڵكە كۆمەڵێك لە خۆبەخش لە هۆزەكانی فوراتی ناوەڕاست بوون كە دەیانویست بێتە ریزی سوپا و هێزە تەناهییەكانەوە.

ئەو سیاسەتوانە دووپاتی كردەوە كە ئەوەی لە سپایكەر رووی دا، پلان بۆ داڕێژراو بوو لەلایەن كەسانێكی زۆر نزیك لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئەوانیش حەنان فەتلاوی و عەدنان ئەسەدی و حوسێن مالیكی و یاسر سخێڵن، لەو بارەوە ئەفسەرێكی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكان سەڵاحەدین گوتی، ئەوەی لە سپایكەر رووی دا تەڵەیەكی حكوومەت بوو و ئەفسەرانی ریزی دووەم لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكە ئەوكات دوای ئەوەی رێكخراوی داعش مووسڵیان كۆنترۆڵ كرد و لەپێشڕەویدابوون بەرەو سەڵاحەدین، داوایان كرد پێویستە جموجۆڵی سەربازی بكرێت و رێوشوێنی سەربازی وەربگیرێت، بۆیە ئەوەی رووی دەتوانین وەك ناپاكییەكی گەورە ناوی بنێین، چونكە هەموو ئەفسەرانی باڵای بنكەی سپایكەر قوربانیان بەوان دا و ئاوڕیان لێ نەدانەوە، لە بەرانبەر پاشەكشەكردنی خۆیان و رزگاركردنی گیانی خۆیان.   

زیاتر گوتی، هەموو سەربازان لە سەڵاحەدین لە 2014 دەیانزانی كە ئەوانەی بوونە قوربانی قوتابی نەبوون لە هێزی ئاسمانی یان كارمەندی هێزە تەناهییەكان، بەڵكو بریتی بوون لە خۆبەخشان كە هیچ فەرمانی كارگێڕی و سەربازی نەهاتبوو بۆ دامەزراندنیان لە وەزارەتەكان بەرگری و ناوخۆی عێراق. بۆیە هەمووان لە گوتنی راستییەكە دەترسن و چەندان بەڵگە هەن لەوبارەوە.

لای خۆیەوە سادق روبەیعی، رێكخەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان لە دەوڵەتی یاسا لە 2014 لەو بارەوە گوتی، ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2014 كرا كڕینی لایەنگیری زۆرێك لە سەرۆك هۆزەكانی فوراتی ناوەڕلست و باشوور بوو لە بەرانبەر دەنگدان بە دەوڵەتی یاسا، بۆیە رێككەوتننێك لە نێوان ئەوان و مالیكیدا هەبوو بەوەی 50-100 گەنج لە هەر هۆزێك لەوانە بێنە دامەزراندن، لە بەرانبەر دەنگدانیان بە دەوڵەتی یاسا. بۆیە ئەوە رووی دا و ئەو هۆزانە دەنگیان بە مالیكی دا، بەڵام دوای ئەوە مالیكی لە بەڵێنەكەی پاشگەز بووەوە و ئەوانی لە سوپا و هێزە تەناهییەكان دانەمەزراند و زۆرێك لەوان بوون كە لە سەربازگەی سپایكەر بوون كاتێك رێكخراوی داعش هاتە ناو پارێزگای سەڵاحەدین.

زیاتر گوتی، مالیكی و ژمارەیەك لە فەرماندە تەناهییەكان لە سەركردایەتی هێزە زەوینییەكان و وەزارەتی بەرگری عێراق هیچیان بۆ ئەو گەنجانە نەكرد كە لە سپایكەر چاوەڕوانی دامەزراندن بوون و ئەوان بوونە قوربانی ناپاكی مالیكی بۆیان، بۆیە چەندان بەڵگە هەن بەوەی ئەوانەی كوژران بەمەبەست رادەست كران، چونكە رێكخراوی داعش لە 10ی حوزەیران مووسڵی كۆنترۆڵ كرد كە ژمارەی هێزە تەناهییەكان تیایدا نزیكەی 30 هەزار دەبوو، بەڵام لەو شارە ئەوەندە كەسە نەكوژران و سەربازان توانیان بە ئاسانی هەڵبێن و خۆیان رزگار بكەن، بەپێچەوانەی ئەوەی لە سپایكەر رووی دا كە فەرماندە باڵاكان بڕیاریان دا بنكە ئاسمانییەكە بەوەی تیایەتی رادەستی داعش بكەن بۆ رزگاربوون لەو گەنجانە و بەڵێنەكانی مالیكی بۆ هۆزەكان.

لای خۆیەوە حەسەن عوبێدی، شارەزای تەناهی دەڵێت، ئەوەی لە سپایكەر رووی دا، هەر لە یەكەم رۆژەوە چەندان پرسیاری دروست كرد، چۆن سەتان گەنج لە بنكەكە بێ هیچ هەوڵێك بۆ هەڵاتن یان بەرگریكردن خۆیان رادەست كرد؟، بەڵكو ئەوانەی كوژران لە راستی رووداوەكان لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین دابڕابوون و گەورە ئەفسەرەكان كە بەرپرس بوون لە بنكەكە ئەوانیان دڵنیا كردبووەوە و فەرمانیان پێ كردبوون بە دەرچوون لە دەروازەیەكی دیاریكرداو كە دەروازەی سەرەكی بنكەكە بوو كە تیایدا كەوتنە ناو بۆسەی داعش، لەوكاتەی خۆیان لە لایەكەی تر هەڵاتن كە هێشتا چەكدارانی داعش نەگەیشبوون بەوێ. 

ریاز عللی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئەو زانیارییانەی سەعبری لەبارەی كوشتارگەكە ئاشكرای كرد زۆر دواكەوتووە و بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ مالیكی و تۆڵە لێسەندنەوەی ئاشكرای كردووە كە ئەوكات كەسێكی نزیكی حزبی دەعوە بوو، دووپاتی كردەوە ئەوەی دەیڵێت ئەگەر راستیش بێت، نابێتە هۆی لێپرسینەوەكردن لەگەڵ بەرپرسانی رووداوەكە، چونكە تا ئێستە مالیكی سەركردایەتی دەوڵەتی قووڵ لە عێراق دەكات و هیچ لایەنێكی حكوومەتی یان پەرلەمانی یان دادوەری توانای لێكۆڵینەوەكردنی لەو رووداوە بە دیودەرانە نییە لە سایەی ئەو فەرمانڕەواییەی ئێستەی عێراق كە لەسەر بەشبەشێنە دامەزراوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:08:58:20/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 179 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌