سیستانی پاڵپشتیكردن لە پڕۆژە ئاشتەواییەكەی حەكیم رەت دەكاتەوە

:: PM:04:09:30/12/2016 ‌

دوای سەردانی شاندێكی باڵای هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم بۆ نەجەف بەمەبەستی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی مەرجەعییەت بۆ پڕۆژە چاكسازییەكەی، نوێنەری سیستانی رای دەگەیەنێت كە سیستانی رەتی دەكاتەوە چاوی بە هێزە سیاسییەكانی عێراق بكەوێت و مەرجەعیەت لە پرسی یەكلاكردنەوەیەكی سیاسی تێوە بگلێندرێت كە هیچ بەرژەوەندییەكی تیادا نابینرێت.

حامد خەفاف وەكیلی مەرجەعیەتی باڵا ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە بە پێویستی دەزانم دووپاتی بكەمەوە كە سەرۆكایەتیی هاوپەیمانی نشتیمانی ویستی چاوی بە سیستانی بكەوێت و ئەویش لەبەر هەمان هۆكاری راگەندراوی پێشوو رەتی كردەوە پێشوازیان لێ بكات كە بایكۆتی دیداری هێزە سیاسییەكانی كردووە.

زیاتر گوتی، هاوپەیمانی نیشتیمانی ویستی بەو سەردانە مەرجەعیەت بێنێتە ناو یەكلاكردنەوەكەی سیاسی و عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەفیش هیچ بەرژەوەندییەكی تیادا نابینێت.

لای خۆیەوە عەبدولمەهدی كەربەلایی نوێنەری مەرجەعیەتی باڵا لە میانەی وتاری ئەمڕۆ هەینی لە كەربەلا رای گەیاند كە سیستانی پێی وایە پێویستە ئەهووان بەبێ هیچ جیاوازییەك بەشداری لە سەقامگیری سیاسی و تەناهی عێراق بكەن دوور لە ململانێی و توندوتیژی و بەرژەوەندی تایفی و سیاسییەوە.

زیاتر گوتی، عێراق وڵاتی هەمووانە بەجیازی مەزەو و بیروبۆچوونیان و پێویستە هەموان بواری ژیانیان تیایدا هەبێت و هیوای خواست بۆ ساڵی داهاتوو سیاسەتوانانی عێراق وانە و ئەزموونیان وەرگرتبێت و كار بۆ بەرژەوەندی عێراق و سەقامگیركردنی بكەن.  

لە تشرینی یەكەمی رابردوو عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعە) پڕۆژەیەكی ئاشتەوایی نیشتیمانی بۆ قۆناغی دوای داعش لە عێراق خستە روو، لە ماوەی رابردوو حەكیم سەردانی ئێران و ئوردنی كرد و دواتر لەگەڵ نوێنەرانی سوننە كۆبووەوە و دوێنێش سەردانی مەرجەعیەتی لە نەجەف كرد و بڕیاریشە لە داهاتوویەكی نزیك سەردانی میسریش بكات.

حەسان عیدانی مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا سەردانەكەی عەمار حەكیم بۆ نەجەف وەك هەوڵێك بۆ دەرخستنی پاڵپشتیی مەرجەعیەت لە پڕۆژەكەی بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی لێك دەداتەوە و دووپاتی كردەوە كە حەكیم بانگەشەكردنی بۆ ئاشتەوایی وەك پڕۆژەیەكی پێشوەختەیە بۆ هەڵبژاردنەكان كە پێویستە بازاڕی بۆ پەیدا بكات.

سەرچاوە: غەد پرێس




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل