"وشە" ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سێ حزبە ئیسلامییەكە ئاشكرا دەكات

:: PM:02:54:31/12/2016 ‌

هەرسێ حزبی ئیسلامیی كوردستان، جارێكی تر كۆ بوونەتەوە تا لەسەر ڕەوشی ئێستەی هەرێمی كوردستان و پێشڤەچوونی پڕۆژەی یەكگرتنەكەیان گفتوگۆ بكەن.

ئەمڕۆ شەموو، مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵ و بزووتنەوە، لە بارەگای كۆمەڵ لە شاری سلێمانی كۆ بوونە‌وە و دەیانەوێ گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەكەیان بكەن كە ماوەی چەند مانگێكە كاریان لەسەر كردووە و تێیدا بە چەند بیرۆكەیەك دەیانەوێ یەكگرتن ڕا بگەیەنن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، لە كۆبوونەوەكەدا كاری هاوبەشی ئیسلامی بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوەكە بوو، هەروەها باس لە بەشداریكردنی هەرسێ لایەنە ئیسلامییەكان كراوە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

هەروەها كۆبوونەوەكە ماوەی چوار سەعات بەردەوامی هەبوو،  هیچ بڕیارێك لەسەر یەكگرتنی حزبە ئیسلامییەكان نەدرا، "وشە" بۆ زانیاری زیاتر پێوەندی بە هەریەك لە كامل مەحموود گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی و ڕێبوار حەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە.
 
كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوە دەیانەوێ هەرسێ لایەنی ئیسلامی ببنە یەك حزب و قەوارە، بەڵام یەكگرتوو كە پانتایی جەماوەری لەوان زیاترە، نایەوێ لە قەوارەیەكی نوێدا بتوێتەوە، ناشخوازێ كەسێك جگە لە ئەمیندارەكەی، ببێتە ئەمیری ئەو ڕەوتەی بە نیازن دروستی بكرێ.

لە لێدوانێكی پێشتردا، شوان قەڵادزەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە بزووتنەوەی ئیسلامی بە "وشە"ی گوت، "ئێمە و برایانی كۆمەڵی ئیسلامی هاوڕاین كە یەك ناونیشانمان هەبێت، تەنیا برایانی یەكگرتوو دەیانەوێ هەریەكەمان وەك خۆمان بمێنینەوە، بەڵام لیستێكی هاوبەش و هاوپەیمانیی دروست بكەین و بەو لیستەوە بەشداری لە كایە سیاسییەكانی داهاتوو و هەڵبژاردن بكەین".


وشە - رامیار جەواد