بەپێی زانیاری بەرێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی ھەولێر سێ کەس لە رووداوی تەقەکردنەکەی شاری ئیستەنبۆڵ کوردن و خەڵکی شاری ھەولێر و دەوروبەرینە، کە یەکێک لەوانە گیانی لەدەستداوە و دووی دیکەش برینداربوونە.
نەزھەت حوسێن، بەرپرسی بەشی پەنابەران و رەوەندی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی ھەولێر بە"وشە"ی راگەیاند" سێ قوربانی رووداوەکەی شەوی رابردووی ئیستەنبۆل لە تورکیا کوردن و خەڵکی ھەولێر و دەوروبەری ھەولێرن، کە ئەمە بەتەواوەتی پشت راست راوهتهوه.
نەزھەت حوسێن گوتیشی، لەرووداوی تەقەکردنەکەی شەوی رابردووی ئیستەنبۆل 16 قوربانی بیانی ھەبوونە، کە لەوانە سێ کەسی خەڵکی ھەرێمی کوردستانن.
بەرپرسی بەشی پەنابەران و رەوەندی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی ھەولێر ئاشكرای كرد، گەنجه قوربانیهكانی رووداوهكهی ئیستهنبۆڵ بەمەبەستی گەشتکردن چوونەتە تورکیا و ئەو یانەیهی تەقەی لێکراوە، شوێنێكی زۆر گەورەیە و ئەوانیش چوونەتە ئەوێ بەمەبەستی نانخواردن لەو کاتەوە تەقەکە روویداوە، کە یەکێکیان قوتابی زانکۆیە.
حوسێن راشیگەیاند" لەو سێ کەسە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و دووەکەی دیکەش بریندار بوونە و نەشتەرگەریان بۆ کراوە ،بەڵام برینی یەکێکیان سەختە.
سەبارەت بەگەراندنەوەیان حوسێن گوتی، تەرمەکە لەپزیشکی دادوەرییە و ھەرکاتێک رێکارەکانی تەواو بوو، دەگەڕێندرێتەوە ھەرێمی کوردستان و ئەوانەی دیکەش لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پێویست وەردەگرن.
سەبارەت بەوەی لەو رووداوە کچێکی خەڵکی سلێمانیش برینداربووە، نەزھەت حوسێن گوتی، ئەوەی لای ئێمە ھەیە تەنھا سێ کەسە و ئەوەیان ئێمە لێی ئاگادار نین.
شەوی رابردوو دوای کاتژمێر یەکی شەو لەشاری ئیستەنبۆڵی تورکیا چەکدارێک ھێرشی کردە سەر یانەی رینای شەوانە و تەقەی لە خەڵک کرد، لەئاکامدا نزیکەی 40 کەس گیانیان لهدهستدا و نزیکەی 70 کەسی دیکەش برینداربوونە.
ههولێر: بڵند ئیبراھیم