گرووپێكی ناو یەكێتی گوشار لەسەر كۆسرەت رەسووڵ دروست دەكەن

:: PM:03:46:18/03/2019 ‌
گرووپێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گوشار لەناو حزبەكەیان و لەسەر كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی دروست دەكەن بۆ ئەوەی لە ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پەشیمان ببنەوە و ڕێككەوتنە جێبەجێ‌ نەكرێ‌.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕۆژی چواری ئادار ڕێككەوتنی سیاسییان بۆ بەشداری لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان واژوو كرد، بەڵام ئەو ڕێككەوتنە تا ئێستە جێبەجێ‌ نەكراوە و گرووپێكی ناو یەكێتیش هەوڵ دەدەن گوشار لەناو سەركردایەتی دروست بكەن و ئۆباڵی ئەو ڕێككەوتنەیشیان خستووەتە ئەستۆی كۆسرەت رەسووڵ.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو گرووپەی ناو یەكێتی لە دوایین كۆبوونەوەی یەكێتی رایان گەیاندووە كە ئەگەر حكوومەتی داهاتووی كوردستان بەپێی خواستەكانی یەكێتی پێكنەهێنرێ‌، ئەوە ئۆباڵەكەی دەكەوێتە ئەستۆی كۆسرەت رەسووڵ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی.

گرووپەكەی ناو یەكێتی ئێستە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕای زۆرینەی لەناو سەركردایەتی یەكێتی دروست بكەن تا بە تەواوی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی هەڵبوەشێننەوە، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێكیان لەوبارەیەوە سەری نەگرتووە.

پێشتر بەرپرسانی یەكێتی ڕایان گەیاندبوو كە ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی وەك خۆی جێبەجێ‌ دەكرێ‌. نەسروڵا سورچی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە "وشە"ی گوت، ڕێككەوتن كراوە و وەك خۆی جێبەجێ‌ دەكرێ‌. بەڵام هیچ زانیارییەكی تری لەوبارەیەوە بڵاو نەكردەوە، بەڵام بێگەرد تاڵەبانی كە ئێستە لەناو حزبەكەی شەڕ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكات بە میدیاكانی حزبەكەی ڕاگەیاندبوو، هێشتا لەگەڵ پارتی نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەهۆی ململانێ و كێشە ناوخۆییەكانی ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی كۆبوونەوە و یەكلاكردنەوەی كێشەكانیەتی و بەو هۆیەشەوە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان دوا كەوتووە.
  



وشە - سه‌رخێڵ هاشم