دۆخی شنگال ئاڵۆزتر بووە و وەزارەتی بەرگری هێزی رەوانە کرد

:: PM:02:52:19/03/2019 ‌
وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ رووبەڕوو بوونەوەی یەبەشە هێزێکی زۆری رەوانەی شنگال کردووە و بەرپرسیکی هێزی پێشمەرگەیش رای دەگەیەنێت، عێراق خۆی پەکەکەی لەو سنوورە جێگیر کردووە و خۆیشی دەبێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئادار چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری عێراقی هەواڵی رەوانەکردنی لیوایەکی سەربازییان بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پەکەکە لە شنگال ئاشکرا کرد و سەرۆکی شارەوانی خانەسۆری سەر بە شنگالیش ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە، هاوکات بەرپرسیکی هێزی پێشمەرگە دەڵێ، دۆخی شنگال ئاڵۆز بووە و چاوەڕوان دەکرێت شەڕێکی گەورە لەنێوان سوپای عێراق و پەکەکە روو بدات.

قاسم دەڕبۆفەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردانی ئێزدی بۆ "وشە" رای دەگەیەنێت، لەدوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەردوو هێزی عێراقی و یەبەشە روویدا، دۆخی شنگال ئاڵۆزتر بووە و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی قورس دەکترێت لە نێوان هەردوو لادا.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو هێزانەی ئێستە بەناوی یەبەشەوە لە شنگالن، بەغدا بۆ رکابەری ئێمە پاڵپشتی لە دایمەزراندنیان کرد و زیاد لە هەزار چەکداریان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە مووچەیان پی دەدرا، بەڵام ئێستە عێراق سوورە لەسەر ئەوەی پەکەکە شنگال جێ بهێڵێت و ئەگەر ئەو داوایە جیبەجێ نەکات ئەگەر هەڵگیرساندنی شەڕێکی گەورە هەیە.

لەبارەی هەڵوێستی هێزی پێشمەرگە لە ئەگەری هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا دەڕبۆ ئاشکرای دەکات، راستە ئێمە بەشێکی لە عێراق و تا ئێستەیش لەڕووی دەستوورییەوە سەر بە عێراقین، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە فەرمان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن و هەڵوێستی ئێمە بەپیی ئەو فەرمانە دەبێت کە لە وەزارەتەوە پیمان دەکریت.

دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەو هێزەی لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقییەوە بەرەو شنگال جووڵە٦ی پی کراوە هێشتا نەگەیشتووەتە شنگال، بەڵام چاوەڕوان دەکرا وەزارەتی بەرگری کردارێکی لەو شێوەیە بکات و ئەگەر پەکەکە هێزەکانی بۆناو خاکی رۆژاوا نەکشێنێتەوە دۆخی شنگال مەترسیدار دەبێت و جارێکی تر دەبێتەوە گۆڕەپانی شەڕێکی گەورە.



وشە - هیدایه‌ت جان