نەورۆز و ئامادەکاری سەیرانکاران

:: PM:03:23:19/03/2019 ‌
نەورۆز لەبەر دەرگای ماڵەکانە، لە ماڵەکانیشدا ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆز بەڕێوە دەچن، جلی کوردی ئامادەکراوە، ئێستا ئیدی نۆرەی خێمە و خەڵوز و مەقاڵییە و شیش و ڕایەخ و هەموو پێداویستییەکانی تری گەشتەکە وردە وردە کۆ دەکرێنەوە، ئیدی دوکانی بابەتە جیاوازەکانی پێداویستی سەیرانکاران جمەیان دێت لە کڕیار، ئەو کڕیارانەی دەست بە ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازی لە جەژنی کوردان و بەهارێکی ڕەنگاوڕەنگ.

ئازاد حەمید، پیاوێکی تەمەن 42 ساڵانە، بڕیارە لەگەڵ خێزانەکەیدا هەرسێ ڕۆژی نەورۆز بچێت بۆ گەشت، ئەو باسی ئامادەکارییەکانیان دەکات بۆ گەشتەکەیان و دەڵێت مانگێک بەر لە ئێستا جلی کوردیمان کڕیوە هەفتەیەکە لای بەرگدروو هێناومانەتەوە، خۆموو خێزانم و سێ منداڵەکەشم یەکی دوو دەست جلی کوردیمان کڕیوە، یەکێکیان بۆ ئێوارەی 20ی ئادار، ئەوەی تریان بۆ یەکەم رۆژی نەورۆزە، ماوەی هەفتەیەکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی شتومەکی سەفرەکەمانم، هەموو ساڵێ هەندێک پێداویستی کەم و زیاد دەکات منیش بەدوای وردەکارەییەکان و داواکاری خێزانەکەمم بۆ ئەوی نەورۆزێکی خۆش و  سەیرانێکی خۆش بەڕێبکەین.

دووکانەکانی پێداویستی گەشت، بەجۆرێک قەرەباڵخ بوون گوومان دەکرێت کە ئەو کەلوپەلانە کۆتاییان بێت، لەگەڵ قەرەبالخ بوون نرخەکانیش بەرزدەبنەوە، دووکانداران دەڵێن ڕاهاتوون لەسەر ئەو پەلەپەل و بەکۆ شت کڕینەی هاووڵاتییان و لە ڕۆژێک پێش نەورۆزیشدا زۆر زیاتر دەبێت، عومەر ئەحمەد خاوەن دوکان، سەبارەت بە زۆربوونی کڕیار دەڵێ، هەموو ساڵێک بەو شێوەیە هەر لە سەرەتای مانگی سێ خەڵک شت دەکرن، کەسی واهەیە دێت دوو خێمە و دوو مەقاڵی و زۆربەی شتەکانی تر دوو دوو دەبات و دەڵێ قەرەباڵغین یان میوانیان لەگەڵە بۆ سەیران.

سەبارەت بە جیاوازی نرخەکان لە مانگەکانی تر و پێش نەورۆزدا و گەرمی بازاڕی فرۆشیان لەم نەورۆزە بە بەراوورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەو دووکاندارە گوتی، بەگشتی بازاڕمان زۆر زیاد بووە ئەمساڵیش چونکە فەرمانبەر مووچەی تەواوی وەرگرتووە هەر لەم مانگەدا ئەوە زۆر کاریگەری هەبوو، بازاڕ زۆر باشترە لە ساڵانی پێشوو، سەبارەت بە نرخەکانیش بەدەست ئێمە نیە، بازاڕ خۆی ئازادە ئێمە خۆشمان لەو مانگە بەگران دەیکڕین لە چاو مانگەکانیتر، بۆیە ناچارین بەو شێوەیە بیفرۆشینەوە.

بەروبوومە خۆراکییەکان خواستی زۆر و هەمیشەی لەسەرە، هەر خیزانە و بەپێی خواستی خۆی ئامادەکاری بۆبردنی ئەو خواردن و خواردنەوانەدا دەکات کە لە سەیرانەکنادا دەیخۆن، نەسرین ئەنوەر ژنێکی تەمەن 57 ساڵە، دەڵێت هەمووساڵیک خۆی ئامادەکریەکان بۆ سەیران دەکات و کەلوپەلی تەواو دەکرێت و خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆر ئامادە دەکات بۆ خۆیان و ماڵی خەزووریشی کە هەموو ساڵێک بەیەکەوە گەشت دەکەن، لەباسی ئامادەکارییەکان گوتی، مەنجەڵێک یاپراخی گەڵامێو، مەنجەلێک یاپراخی سڵق، لەگەڵ یەک مەنجەلی گەورە بریانی، پێنج کیلۆ گۆشتی سوور لەگەل پێنج کیلۆ باڵو سنگی مریشک، ئەوانە هەموو خۆم ئامادەی دەکەم، لەگەڵ چوار بۆ پێنج قاڵب کێک و کولیچە و نزیک هەشت کیلۆ چەرەزات، خواردنەوەش سەماوەری گەورە دەبەم چای سەماوەر و خەڵوزیش لێدەنێم، خواردنەوکانیتریش کە ساردن بە دڵی منداڵەکان دەبەم.

سەبارەت بە جلوبەرگی کوردی نەسرین گوتی، من خۆم هەر جلی کوردی لەبەردەکەم لەناو مالێش، بەڵام بۆ نەورۆز هەموو ساڵی سێ دەست جلی تازە دەکڕم ئەگەر نەشچمە دەرێ هەرلەناو مال لە ڕۆژانی نەورۆز جلی تازە لەبەر دەکەم، دوو بوکم هەیە ئەونیشم وا فێرکردووە، کچەکانیشم هەروەکو خۆمن، بەڵام ئەوان کەمتر بۆ ناومال لەبەری دەکەن، بەگشتی نەورۆز زۆر تایەبەتە و بەڕای من دەبێ ژنان زیاتر لە هەموو کاتێک گرنگی بە جلوبەرگ و خواردن بدەن و جەوێکی خۆش لە سەیرانیش دروست بکەن، ئەوە هەر لە کۆنەوە وەها بووە، دەبێ ژن خۆی ڕابەری ئەو بۆنانە بکات و ئامادەکاری بۆ بکات، لە سەیرانیش دەبێ پیاوەکان خەریکی گۆشت برژاندنبن.

ساڵانە لە کوردستان هاووڵاتیان لە ئێوارەی نەورۆزدا لە کەرنەڤاڵی تایبەتدا لە چواردەوری ئاگری نەورۆزدا کۆ دەبنەوە و ئاهەنگ دەگێرن، لە ڕۆژانی نەورۆزیشدا ڕوودەکەنە سەیرانگاکان، بەکردنەوی ئاگر و لەبەرکردنی جلوبەرگی رەسەنی کوردی ئاڵوواڵاوە دەشت و کێو دەڕازێننەوە، مالئاوایی لە زستان دەکەن  و بە شێوەیەکی جیاوز پێشوازی لە بەهار دەکەن، بۆ ئەم بەهار و نەورۆزە بە گیرفانی پڕ و دڵێکی شاد بە کۆتایی تەنگژەکان جیاوازتر لە ساڵان پێشوازی دەکەن و هەر لە زووەوە ئامادەکارییان کردووە.

هه‌ولێر/ ئیڤان عەبدولرەحمان



وشە - هیدایه‌ت جان