سوپای عێراق لە ڕێی نێوان هەرێم و بەغدا بازگەكانی كەم دەكاتەوە

:: AM:10:34:20/03/2019 ‌

بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" بازگە گەڕۆكەكانی سوپا و پۆلیسی عێراقی كە بەهۆی رفاندن و كردەوە تیرۆریستییەكانەوە لە رێی هەرێمی كوردستان و بەغدا هەبوون كەم كراونەتەوە، ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆسەر گیانی ئەو گەشتیارانەی لەو ڕێیەوە هاتوچۆ دەكەن.

ژمارەیەك لە شۆفێرانی رێی گەرمیان و بەغدا "وشە"یان ئاگادار كردەوە لە كەمبوونەوە و نەمانی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی پۆلیس و سوپا لەسەر رێی هەولێر و بەغدا كە بەرێی خورماتوو و دیالەیش دەناسرێت.

مەحموود ئیبراهیم شۆفێرێكی ئەو ڕێیەیە و بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ماوەیەكی زۆرە بوونی ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی سوپا و پۆلیس كە بەرێی نێوان كەركووك و دیالە هاتوچۆ دەكەن بووەتە هۆكاری پاراستنی رێیەكە.

زیاتر گوتی، لەگەڵ هاتنی بۆنەكاندا بەشێكی زۆری ئەو بازگە گەڕۆكانە نەماون بەتایبەت لە سنووری گوندەكانی "مەفتول و سەرحە" لە سنووری خورماتوو.
 
لای خۆیەوە عەمید حوسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی خورماتوو بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەوان زیاتر دەسەڵاتی پاراستنی ناو شارەكانیان لە ئەستۆیە و ناتوانن بازگە لە ڕێیەكانی دەرەوە دابنێن.
 
وەك دووپاتی لەوە كردەوە لە دەرەوەی شارەكان هەر بۆشاییەكی تەناهیی هەبێت ئەوە لە ئەستۆی سوپای عێراقە.

ساڵی رابردوو سەرباری راگەیاندنی سەركەوتنی عێراق لە جەنگی دژ بەداعش لەلایەن سەرۆك وەزیرانی پێشتر حەیدەر عەبادییەوە، چەندان جار داعش لەسەر رێی هەرێمی كوردستان و بەغدا بازگەی دانا و گەشتیاران و خەڵكی سڤیلی كردە ئامانج، بۆیە بەرپرسانی سەربازی و پۆلیس لە دیالە و ناوچە كوردستانییەكان بڕیاریان دا لەرێی ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چاودێری رێیەكە بكەن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم