محەمەد حاجی مەحموود: بەبەرنامە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری كەركووك دراوە

:: PM:01:35:20/03/2019 ‌

محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، ڕژێمە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق، بە چاوی تەماحكاری و داگیركاری لە كەركووكیان ڕوانیوە و هەمیشە لەهەوڵی بە عەرەبكردنی خەڵكی شارەكەدا بوون.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئادار، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ڕۆژی ئازادی كەركووك محەمەد حاجی محموود ڕای گەیاند، ژێرزەوینی ئەم شارە دەوڵەمەندترین سەرمایەی ئابووری بووە بۆ ئەوانەی دەسەڵاتی ئەم شارەیان بەدەستەوە بووبێ، بۆیە ڕژێمە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق، بە چاوی تەماحكاری و داگیركاری لێیان ڕوانیوە و هەمیشە لە هەوڵی بە عەرەبكردنی خەڵكی شارەكەدا بوون.

روونی كردووەتەوە، بەبەرنامە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری كەركووك دراوە تا گەلی كورد كە زۆرینەی دانیشتووانی شارەكە پێكدەهێنێ لە بەرانبەر عەرەبی هاوردە، نەتوانێ دەسەڵاتی بەسەر ئیدارەی شارەكەدا بشكێ و سەرەوتە ژێرزەوییەكەی كە دەوڵەمەندە بە نەوتی ڕەش و گاز و كبریت، نەكەوێتە ژێر دەستی كوردەكانەوە.

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە بەهاری ساڵی 1991، هاوكات بوو لەگەڵ جەژنی نەورۆز، سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی، بۆ یەكەمجار بە پشتبەستن بە توانای لە بننەهاتووی گەل و هێزی پێشمەرگە توانی شاری كەركووك لە چنگی دڕەندەترین ڕژێمی سەردەمەكە دەربهێنێ و شاری كەركووكی بابەگوڕگوڕی زێڕی ڕەش ڕزگار بكرێ .

"دووەم جاریش لە ساڵی 2003 لەكاتی پرۆسەی ڕزگاری عێراق، جارێكی تر كەركووك ڕزگار كرا، لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئیدارەدانی بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی كوردەوە، لە هەردوو قۆناغە مێژوییەكە، سەركردایەتی سیاسیی كورد نەیتوانی سوود لە پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە وەربگرێ بە بووژانەوەی شار و كار و پڕۆژەی خزمەتگۆزاری و دادپەروەری و باشكردنی ژیانی خەڵكەكەی بەبێ جیاوازی". محەمەدی حاجی محموود وا دەڵێ‌.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم