مەرزی باشماخ داناخرێ‌

:: PM:03:13:20/03/2019 ‌
پێچەوانەی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ لەگەڵ هاتن و نزیكبوونەوەی پشووەكانی رۆژانی نەورۆز، مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كاروباری بازرگانی تێدا بەردەوام دەبێت و بەرووی شۆفێران و بازرگانانی هەرێم و ئێران داناخرێت.

لیوا مەریوان كەمال بەڕێوەبەری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانی رابردوو، لەكاتی هاتنی جەژنی نەورۆز و رۆژانی پشوو، بەهۆی هاتن و چوونی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان و ئێران، لەپێناوی دروستنەبوونی ئاستەنگ بۆیان، بۆ ماوەی چەند رۆژێك كاروباری بازرگانی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ رادەگیرا.

زیاتر گوتی، بۆ ئەم نەورۆزە، بەهیچ شێوەیەك و لەكاتی پشووەكانیشدا، دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی مەرزی باشماخی دیوی ئێران، كاروباری بازرگانی لەباشماخ لەنێوان هەرێم و ئێران راناگیرێت و مەرزەكە بەرووی بازرگانان و شۆفێراندا داناخرێت".

لای خۆیەوە عەلی سدیق، پسپۆڕی بواری ئابووری لە پێنجوێن، بۆ "وشە" هۆكاری بەردەوامی كاروباری بازرگانی لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە بۆنە و پشووەكانی نەورۆز بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە لەم كاتەدا، لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە، ئابڵۆقەی توندی ئابووری خراوەتە سەر ئێران، بۆیە بەرپرسانی ئەو وڵاتەش مەبەستیانە كە درێژە بەكاروباری بازرگانی خۆیان، لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لەرێی خاڵە سنوورییەكانەوە بدەن

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لەچوار مەرزە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان و شارۆكەی پێنجوێنی سەر بەپارێزگای سلێمانی بەشاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەبەستێتەوە و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە و بەیەكێك لەدەروازەی گرنگەكانی سەرچاوەی داهاتی حكوومەتی هەرێم ئەژمار دەكرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم