یاسای قەدەغەکردنی کاری شۆفێری تاکسی جێبەجێ دەکرێت

:: AM:11:24:24/03/2019 ‌
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی بۆ قەدەغەکردنی كاری‌ شۆفێریكردنی تاكسی له‌ موچه‌خۆران خێراتر کردووە بڕیارە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کاری پێ دەکریت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمیش دەستی کردووە بە دابەشکردنی فۆڕم بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان.

ئەمڕۆ یەکشەم 24ی ئادار بەڕێووەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا ئاشکرای کردووە، وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ فۆڕمێكی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان كردووه‌ بۆ ئەوەی سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی‌ هێزه‌كانی‌ ناوخۆ و موچه‌خۆران پڕیبكه‌نه‌وه و دواتر ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و به‌دواداچوونی له‌سه‌ر ده‌كرێت.

زیاتر روون کراوەتەوە، پڕكردنه‌وه‌ی‌ فۆڕمه‌كان و ئه‌و رێكاره‌ یاسایی و كارگێڕییانه‌ی پێویستن، ده‌بێت تا رۆژی یەکی حوزەیران "مانگی شەش" کۆتاییان پێ بێت، لەبەر ئەوەی‌ بڕیاره‌كه‌ راسته‌وخۆ له‌و رۆژه‌دا ده‌خرێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

بڕیارە یەکەم سەرەتا لە رێگەی مەفرەزەکانەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و هەر کەسێک کارمەندی هێزەکانی ناوخۆ بێت یاخود موچه‌خۆربێت و كاری شۆفێری تاكسی بكات، لێپێچینه‌وه‌ی‌ یاسایی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

لەدوای تێکچوونی دۆخی ئابووری هەرێم و دواکەوتنی مووچەی کارمەندانی حکوومەت زۆربەی کارمەندان، تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دابینکردنی بژێوییان روویان کردە کاری شۆفێری تاکسی و لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و دەربازبوونی حکوومەت لە تەنگژەی دارایی، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری قەدەغەکردنی شۆفێری تاکسی لە مووچەخۆرانی هەرێم دەرکرد.


وشە - هیدایه‌ت جان