پاسەكانی هێڵی گواستنەوەی نێوان كەسنەزان و هەولێر سزا دراون.. چەند ڕۆژێكە كار ناكەن

:: PM:06:07:24/03/2019 ‌

ماوەی چەند ڕۆژێكە بەهۆی دروستبوونی كێشە لە نێوان پاسەكانی هێڵی گواستنەوەی كەسنەزان - هەولێر  و هێڵێكی تر كە بە گەڕەكی لاوان و ئاشتی دەڕوات، كاركردنی پاسەكانی هێڵی كواستنەوەی كەسنەزان ڕاگیراوە، بەرێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەولێریش لەوبارەیەوە ڕوونكردنەوە دەدات.

ئەمڕۆ یەكشەم 24ی ئادار، عەبدولخاڵق عەلی بەرێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاركردنی هێلەكانی گواستنەوەی كەسنەزان و هەولێر راگیراوە ئەوەیش بەهۆی دروستكردنی كێشە بۆ هێڵێكی تری گواستنەوە كە بەهەمانشێوە بە ڕێی كۆیەدا دەڕوات و ناگاتە كەسنەزان.

زیاتر گوتی، لەماوەی ڕابردوو هێڵێكی نوێی گواستنەوە بۆ گەڕەكی لاوان كرایەوە، پاسەكان بە شەقامی كۆیە تا دەگاتە جووتسایدی لاوان دەڕۆن، بەڵام شۆفێری پاسەكانی كەسنەزان ئەوەیان قبووڵ نەكردووە و كێشەیان ناوەتەوە لەكاتێكدا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر هێڵەكەی ئەوان نییە، بۆیە بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی كارەكانیان.

بەرێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەولێر هێمای بۆ ئەوە كرد، ئێستە دوو ئۆتۆمبێلی هێڵی گواستنەوەی كەسنەزان دەستی بەسەردا گیراوە لەبەرانبەر هەوڵدان بۆ نانەوەی كێشە.

هێڵی گواستنەوەی كەسنەزان – هەولێر پێشتر تاكە هێڵ بوو كە بەڕێی كۆیەدا بڕوات، بەڵام هەشت مانگ دەبێ‌ هێڵێكی تریش دانراوە، شۆفێرانی پاسەكانی كەسنەزانیش پێیان وایەوە ئەوە كاریگەری لەسەر كارەكانی ئەوان دروست دەكات.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم