لافاو هەڕەشە لە چەند پارێزگایەكی عێراق دەكات

:: PM:09:29:24/03/2019 ‌

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە زۆرینەی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی عێراق بارانێكی زۆر ببارێت و ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو لە حەوزی رووباری دیجلە و ئەو ناوچانە دەكەونە مەترسییەوە، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق وریایی دەدات.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە پارێزگای بەسڕە داوای وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست و ئامادەكردنی تیمەكانی فریاكەوتنی كرد بەهۆی بوونی ئەگەری دروستبوونی لافاوی گەورە لە حەوزی رووباری دیجلە لە ئەنجامی ئەو بارانە زۆرەی پێشبینی دەكرێت سبەی و رۆژانی داهاتوو ببارێت.

بەپێی برووسكەیەكی نهێنی ئەگەری هەیە ئەو لێزمە بارانە و دروستبیوونی لافاوە پارێزگاكانی دیالە و واست و میسان بگرێتەوە، لە برووسكەیەكیتری نهێنی شانەی تەنگژەی مەدەنی سەر بە ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مەترسییەكە پارێزگاكانی دیالە و واست و میسان و كەركووك و هەولێر و سلێمانی و دهۆك و بەغدا و سەڵاحەدین و نەینەوا دەگرێتەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە رێنوێنی وەرگرتنی رێوشوێنی پێویستی بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو دەركردووە بە ئەمباركردنی ئاوی لافاوەكە بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەكانەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان كەنارەكانی رووباری دیجلە وریات بن.  

لە بەسڕە ئەنجوومەنی پارێزگا رای گەیاند كە مەترسی لەسەر ناوچەكانی مەجنوون و سوێب و نەشووە هەیە بەهۆی ئەو لێزمە بارانەی پێشبینی دەكرێت ببارێت، بۆیە تیمەكانی بەرگری شارستانی لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێك. ئەنجوومەنی پارێزگای واستیش رای گەیاند كە ژوورێكی ئۆپراسیۆنیان پێك هێناو و پێشبینی دەكەن لە نێوان 70-100 ملیم باران ببارێت 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل