ئیسڕائیل 30 مووشەكی حەماس پووچەڵ دەكاتەوە و بارەگای سەرۆکەکەیان دەڕوخێنێت

:: AM:10:41:26/03/2019 ‌
لە وەڵامی هێرشە مووشەكیەكانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، فڕۆكە جەنگیەكانی ئەو وڵاتە چەندان مۆڵگەی چەك و بارەگای حەماس لە غەززە دەكەنە ئامانج. هاوكالا تەلئەبیب رای دەگەیەنێ تا ئێستە 30 مووشەكی حەماسیان پووچەڵ كردووەتەوە.

شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل لە هێرشەكانیان بۆ سەر غەززە بەردەوام بوون، بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاست كراوەكانیش بێت بارەگای ئیسماعیل هەنییە سەركردەی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی "حەماس" كراوەتە ئامانج، جگە لەمەش چەند مۆڵگەیەكی چەك و بارەگای تری حەماس كراونەتە ئامانج.
هاوڵاتیان غەززە دەڵێن ماڵەكەی هەنییە كە دەكەوێتە گەڕەكی رمال، بە تەواوی لەگەڵ زەوی تەخت بووە دوای ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل بە مووشەك لێیان داوە.

سوپای ئیسڕائیل لە بارەی هێرشەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر غەززە دەڵێ، دیوانی ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی حەماس كراوەتە  ئامانج كە وەك بارەگایەكی سەربازی بەكاری هێناوە.

هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە وەك وەڵامدانەوەیەك بووە بۆ هێرشە مووشەكیەكانی حەماس كە باكوری تەلئەبیبی پایتەختی ئیسڕائیلی كردە ئامانج و بەهۆیەوە زیاتر لە شەش كەس بریندار بوون.

ئەفیخای ئەدرەعی گوتەبێژ بەناوی سوپای ئیسڕائیل دەڵێ، سوپای ئیسڕائیل دەستی كرد بە وەشاندنی گورزی سەربازی دژ بە رێكخراوی حەماسی "تیرۆریست" لە شاری غەززە، هاوكات وەزیری تەندروستی لە غەززە دەڵێ بەهۆی هێرشەكانی سوپای ئیسڕائیل دوو هاوڵاتی فەڵەستینی بریندار بووە.

لەلایەكی ترەوە ئەفیخای ئاماژەی بەوەدا كە حەماس لە غەززەوە 30 مووشەكی ئاراستەی ئیسڕائیل كردووە و سیستەمی دژە مووشەكی توانیویەتی بەشێكیان پووچەڵ بكاتەوە بەڵام زۆرینەیان لە ناوچە كراوەكاندا كەوتوونەتە خوارەوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل، ئاماژەی بە هەبوونی هیچ زیانێكی گیانی نەكرد، ئەگەرچی لە شارەكانی باشووری ئیسڕائیل دەنگی هۆشداری فریاكەوتن بیستراوە.

شەڕە مووشەكەی شەوی رابردوو لە كاتێكدایە میسڕ لە ناوبژی دایە لەنێوان هەردوولا، رای گەیاند كە هەردوولا بڕیاری راگرتنی شەڕەكەیان داوە. 




وشە - فه‌رمان سادق