كنێر و گەزیزە بوونە كوردستانی

:: PM:03:19:26/03/2019 ‌
لە توێژینەوەیەكی زانستی بۆ بڕوانامەی دكتۆرای زانستی باخچەی ڕووەکەكانی كوردستان دەچێتە چوارچێوەی باخچەی ڕووەکی وڵاتانی دنیا كە پشتی بەستووە بە باخچەی ڕووەكی هەولێر.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار،  لە پۆڵەندا توێژەر "كاردۆ نورەدین كەریم" قوتابی دكتۆرا لە بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی پۆزنان-پۆڵەندا، توانی بە پلەی نایاب لە بوارێكی ناوازەدا توێژینەوەی دكتۆراكەی تەواو بكات. توێژینەوەكەی دۆكیۆمینتكردنی باخچەی ڕووەكی كوردستانە لەناو لیستی باخچە ڕووەكە جیهانییەكا.

لە توێژینەوەكە دوای پەسەند كردنی باخچەی ڕووەكەكانی كوردستان، وەك باخچەی ڕووەكی (ژاپۆنی، ئینگلیزی، عوسمانی، ئیتاڵی، ئێرانی...هتد) هەژمار دەكرێت و گرنگی توێژینەوەكە لەوەدایە كە  ئیتر لەمەودوا باخچەی ڕووەكی كوردستان ناوی دەچێتە ناو لیستی ئەو وڵاتانەی كە خاوەنی باخچەی ڕووەكی (Botanical Garden)ی تایبەت بە خۆیانن.

ئەو توێژینەوەیە پشتی بە باخچەی ڕووەكی هەولێر بەستووە كە ئێستە بەردەستە و كار بۆ ئەوە دەكات نەهێڵیت چیدی ڕووەكە تایبەتەكانی كوردستان لەناو بچن و گەشەیان پێدەدات، لە توێژینەوەكەدا بە شێوەیەكی بەرچاو دەردەكەوێت كە باخچەی ڕووەكی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیای دەكاتەوە لە باخچە ڕووەكەكانی وڵاتانی تر.

ئەنجامدانی ئەو توێژینەوەیە هەم هەنگاوێكە بۆ دەوڵەمەندی جوگرافیا و ئاو و هەوای كوردستان پێشان دەدات نووسینی ئەم جۆرە توێژینەوانە وا دەكات هەموو جیهان ئەو ڕاستیە بزانێت كە گوڵی (شلێر، شیلان، كنێر، نێرگز... هتد.) مۆركی كوردایەتیان پێوەیە و بۆنی كوردستانیان لێدێت.




وشە - رامیار جەواد