ڤیزای بێ‌ بەرانبەر بۆ ئێران ئەو كەسانە ناگرێتەوە


پێدانی ڤیزای بێ بەرانبەری ئێران ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە دەیانەوێت سەردانی وڵاتەكە بكەن و ماوەی شەش مانگ یان زیاتر بمێننەوە و ئەو كەسانە هاوشێوەی پێشوو بە پارە ڤیزایان پێ‌ دەدرێ‌.

ئەسعەد تۆفیق یەكێك لەخاوەن نووسینگەكانی كاروباری گەشتیاری لەشارۆكەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، دوای ئەوەی بڕیاردرا لەسەرەتای ئەم مانگەوە، گەشتیاران و هاووڵاتییانی هەرێم، بەبێ پارە ڤیزای ئەلیكترۆنی وەربگرن و سەردانی ئێران بكەن، ئێستە ئەو بڕیارە تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە، كە دەیانەوێت بۆ ماوەی یەك مانگ بچنە وڵاتی ئێران و ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە دەیانەوێت بۆ ماوەی سێ یان شەش مانگ یان زیاتر گەشت بكەن.

زیاتر گوتی، لەلایەن كونسڵخانەی ئێرانەوە هەموو نووسینگەكانی تایبەت بەكاروباری گەشتیاری ئاگادار كراونەتەوە، كە هاووڵاتییان و گەشتیارانی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی دەیانەوێت لەرێگەی مەرزە نێودەوڵەتییەكانەوە، سەردانی ئێران بكەن، دەتوانن لەرێگەی نووسینگەكانەوە، كاری پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنیان بۆ ئەنجام بدرێت.

ڕوونیشی كردەوە، كە ئەو كەسانەی دەیانەوێت ماوەی سێ مانگ یان شەش مانگ یان زیاتر بچنە ئێران، بەمەبەستی گەشتیاری یان كاری بازرگانی یان هەر مەبەستێكی تر، وەك پێشتر بڕی (140) هەزار دینار وەردەگیرێت و هێشتە هیچ رێنوێنییەكی تایبەت بەوە دەرنەكراوە.

رۆژی یەكی نیسان، بەبڕیارێكی ئێران پێدانی بڕی 60 هەزار دیناری عێراقی بەگەشتیاران هەرێم  كە بیانەوێت بچنە خاكی ئێران لابرا و لەبری ئەوە ئێستە بڕی (پێنج تا 10) دیناری عێراقی وەك بیمە و كرێی تەكسی وەردەگیرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:09:18:03/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 8910 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌