له‌سه‌ر كاندیدى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم یه‌كێتى ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات

:: PM:08:36:04/04/2019 ‌

گوته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ باره‌ی كاندیدكردنی سێ سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمى كوردستان روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و رای ده‌گه‌یه‌نێت، هیچ كه‌سێك كاندید نه‌كراوه‌ و یه‌كێتی خۆی چۆنی بوێت كاندیده‌كان دیار ده‌كات.

دوێنێ چوارشه‌م یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ فه‌رمی رێككه‌وتنی خۆی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاند و یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ی كه‌ به‌ر یه‌كێتی ده‌كه‌وێت جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروبارى سه‌ربازى ده‌بێت و ئێسته‌ باس له‌ كاندیدكردنی هه‌ر یه‌كه‌ له‌ "قوباد تاڵه‌بانی و عیماد ئه‌حمه‌د و حاكم قادر" ده‌كرێت بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌.

له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، له‌سه‌ر پرسی دیاریكردنی كاندیده‌كان یه‌كێتی هیچ گرفتێكی نییه‌ و ده‌توانێت به‌و شێوازه‌ی كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت كاندیده‌كان بۆ پۆسته‌كان دیاری بكات.

زیاتر گوتى، تا ئێسته‌ هیچ كه‌سێك له‌ ناو یه‌كێتی دیاری نه‌كراون بۆ پۆسته‌كان و هێشتا به‌ فه‌رمی رێككه‌وتنی  یه‌كێتى و پارتی واژوو نه‌كراوه‌ و دوای واژووكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی ساڵی رابردووى په‌رله‌مانی كوردستان 21 كورسی به‌ ده‌ستهێناوه‌ و یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ی كه‌ وه‌ریده‌گرێت جێگرێكی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم