دوای جەرابلوس توركیا هێرشی بۆ سەر دابق دەست پێ كرد

:: PM:03:34:15/10/2016 ‌

لە چوارچێوەی كردەوەگەلی "قەڵغانی فورات" هێزە تایبەتەكانی توركیا بە پاڵپشتی سوپای ئازاد، هێرش دەكەنە سەر چەند ناوچەیەكی تری دەستی داعش لەوانە ناوچەی دابق كە گرنگییەكی رەمزی لای ئەوانەوە هەیە.

روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لەوبارەوە رای گەیاند كە ئەمڕۆ هێزە تایبەتەكانی توركیا، بە تانك و كۆپتەر و فڕۆكە سەربازییەكانیانەوە و بە پاڵپشتی چەند لایەنێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، هێرشێكی فرەوانیان بۆ سەر ناوچەی دابق لە دەشتی پارێزگەی حەلەب دەست پێ كردووە.

زیاتر گوتی، ئەو هێرشە هاوكاتە لەگەڵ هێرشی تر بۆ سەر ناوچەكانی سۆران ئیعزاز و دەوروبەری لەناو بۆردمانێكی سەختی هەردوو ناوچەكە كە دەكەونە باكوری رۆژهەڵاتی دەشتی حەلەب.

ناوچەی دابق گرنگییەكی رەمزی لای رێكخراوی داعشەوە هەیە، ئەو دەڵێت كە جەنگی یەكلاكەرەوە بەر لە رۆژی قیامەت لە نێوان موسڵمان و خاچپەرستەكان لە دابق روو دەدات، ئەو قسانەی لایەنە ئیسلامییەكانی تر بە بانگەشەی داعشی دادەنێن بۆ جۆشدانی موسڵمانان و كۆكردنەوەیان لە دەوری خۆی.

بۆ توركیا كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی دابق و سۆران لە دەشتی حەلەب كە هاوسنوورن لەگەڵ ئەو وڵاتە گرنگن بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی بەرامبەر سنوورەكانی.

لای خۆیەوە بەم دواییە رێكخراوی داعش 1200 چەكداری خۆی بۆ بەرەی جەنگ لە دابق رەوانە كرد بەمەبەستی بەرگریكردن لەو شوێنە گرنگە بۆی.

لە مانگی ئابی رابردوو هێزە تایبەتەكانی توركیا بەپاڵپشتی سوپای ئازاد، هەڵیان كوتایە سەر ناوچەی جەرابلوس لە ناو خاكی سووریا لە چوارچێوەی كردەوەگەلی "قەڵغانی فورات" ئەوان توانییان ناوچەكە لە داعش پاك بكەنەوە و تا ئێستە لە فرەوانخوازی بەردەوامن.

گوندی دابق دەكەوێتە ناوچەی ئیعزاز لە پارێزگەی حەلەبی سووریا لە رووی ئیدارییەوە سەر بە شارەدێی ئەختەرینە و دەكەوێتە دووری 35 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب و تەنیا 15 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی توركیا دوورە.

لە 24ی ئابی 1516 جەنگی مەرج دابق لە نزیك ئەو ناوچەیە لە سووریا لە نێوان عوسمانییەكان و مەمالیك رووی دا و لە ئەنجامدا عوسمانییەكان جەنگەكەیان بردەوە و توانیان دواتر دەست بەسەر ناوچەكە و میسردا بگرن و دەوڵەتی مەمالیك لەناو ببەن. 

وشە/سكای نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل