دیاریكردنی سەرۆكی چەند لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق كێشەی تێ دەكەوێت

:: PM:06:24:15/04/2019 ‌

دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر پێكهاتنی حكوومەتی عادل عەبولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هێشتا كابینەی حكوومەتەكە تەواو نەبووە، ناكۆكی گەورە كەوتووەتە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر سەرۆكایەتی لیژنەكان و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، ئەو بابەتە دوا دەكەوێت.

زەهرە حەمزە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئیسڵاح ئاشكرای كرد، ناكۆكی توند لە نێوان فراكسیۆنەكاندا هەیە لە پرۆسەی دەنگدان لەسەر لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان، روونی كردەوە، ناكۆكییەكان لەسەر دابەشكاری بەپێی حەقبەشی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو بۆ ئەو كاندیدانەیە كە بۆ سەرۆكی لیژنەكانی دیاری كراون و شارەزا و پسپۆڕ نین لەو بوارە. 

زیاتر گوتی، ناكۆكی توند لە نێوان ئەندامانی لیژنەكان لەكاتی دەنگدان لەسەر سەرۆكی لیژنەكانی سەری هەڵداوە بەهۆی سووربوونی هەر فراكسیۆنێك لەسەر دیاریكردنی یەك كاندید بۆ وەرگرتنی سەرۆكی ئەو لیژنەی بۆی دیاری كراوە و زۆرینەیان شارەزاییان لە بوارەكانیان نییە.

شایەنی باسە ئەمڕۆ دووشەم لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق ئەرشەد ساڵحی وەك سەرۆك و قوسەی شەبەكی وەك جێگر دیاری كرد، هاوكات رەعد دەهلەكی وەك سەرۆكی لیژنەی كار و كۆچ و كۆچبەران و حوسێن عەرەب وەك جێگری دیاری كران، لیژنەی كشتوكاڵیش سەلام شمەری وەك سەرۆك و مەنسوور بەعێجی وەك جێگر و دیاریكردنی سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش دوا خرا.

لای خۆیەوە میساق ئیبراهیم پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بینا دووپاتی كردەوە كە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان رێككەوتوون لەسەر تێپەڕاندنی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو لە دوای یەكلاكردنەوەی دۆسیەی سەرۆكی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل