پارتی: سەردانی لایەنەكان كۆتایی هاتووە

:: AM:09:57:18/04/2019 ‌
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، سەردانی لایەنەكان كۆتایی هاتووە و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو كێشەکان چارەسەر دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 18ـی نیسان، مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاند، كێشەی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان‌ تەنیا لەسەر یەك جێگر یان دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە و بەلای پارتییەوە یەك یان دوو جێگر كێشە نییە.

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشکرای دەکات، سەردانی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت كۆتایی هاتووە و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو كێشەیەش چارەسەر دەكرێت، هەروەها خەڵك حەقی خۆیەتی نیگەران بێت لە دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت ، ئێمە لە 30ـی ئەیلوول هەڵبژاردنمان كردووە خەڵك چووەتە سەر سندوقەكانی دەنگدان دەنگی خۆی داوە متمانەی خۆشی بەخشیەوە بەو لایەنانەی كە پێی باش بووە.  

زیاتر ڕوونی دەكاتەوە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆران گەیشتینە رێككەوتن، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیش گەیشتینە رێككەوتن، كێشەیەک كە ماوە هەموو خەڵكی كوردستانیش دەزانێ لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت یان دوو جێگری هەبێت، پێوەست بە ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان چ یەك جێگر یان دوو جێگر هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام ئێمە دەوڵ دەدەین هەموو ئەو بابەتانە بە گفتوگۆ بکرێن و نەبێتە فشار یان هەوڵ بدرێت لایەنێكی پێ دڵگران بێت، ئێمە دەمانەوێت پێكەوە كار بکەین.   

تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی چەندین كۆ بوونەوەی ئەنجام داوە و ڕێكەوتنی لەگەڵ گۆڕان واژوو كردووە و دوێنێ‌ گوتەبێژی یەكێتیش ئاشكرای كردبوو ئەو ڕێكەوتنەی لەگەڵ پارتیمان كردووە لە گفتوگۆكانمان بە واژووكراو دای دەنێین.



وشە - رامیار جەواد