بوومەلەرزە پارێزگایەکی کوردستانی هەژاند

:: AM:10:09:18/04/2019 ‌

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلە بە پێوانەی ریختەر پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند.

 

بەگوێرەی "مێهرنیوز" دامەزراوەی جیۆفیزیکی زانکۆی تاران باسی لەوە کردووە کە بوومەلەرزەکە سەعات 32خولەک و 38 چرکەی دەستپێکی رۆژی پێنجشەم بە کاتی تاران رووی داوە.

 

بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 32 کیلۆمەتری زەوی رووی داوە و شوێنی بوومەلەرزەکەش 33 کیلۆمەتر لە مێهران دوور بووە کە کەوتووەتە رۆژئاوای پاریزگاکە.

 

میدیاکانی ئێران تاوەکوو ئێستە لەبارەی زیانەکانی ئەم بوومەلەرزەیە هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە. بوومەلەرزە لە کاتێکدا لەو ناوچەیە روو دەدات کە دوو رۆژە بارانێکی بە خوڕ لە پاریزگای ئیلام دەبارێت و هەفتەی رابردووش لافاو زیانی بە هەندێک ناوچەی ئەم پاریزگایە گەیاند.

 

لە 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2017 بەهێزترین بوومەلەرزەی ساڵەکە لە پارێزگای کرماشان رووی دا کە گوڕەکەی 7.3 پلە بە پێوانەی ریختەر بوو و  بەهۆیەوە سەرووی 600 کەس گیانیان لەدەست دا و بە دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون و بە دەیان هەزار خانوو و باڵەخانە و پرد و قوتابخانەش زیانیان بەرکەوت.

 

لەو کاتەوە لە کرماشان و پارێزگاکانی دەوروبەر بە سەدان بوومەلەرزە رووی داوە کە پلەکانیان سەرووی سێ پلە بوون و بە تەواوی هەست پێ کراون و هەندێکیان زیانیشیان هەبووە.



وشە - سلێمان تاشان