تاوان لە پێنجوێن زیادی كردووە و ژمارەیەک تۆمەتبار گیراون

:: PM:02:46:18/04/2019 ‌

لەسنووری شارۆكەی پێنجوێن ئەنجامدانی تاوانی جیاواز رووی لەهەڵكشان كردووە و بەو هۆیەشەوە تەنیا لەماوەی یەك هەفتەی رابردوودا، توانراوە 10 تۆمەتبار لەلایەن بەشی پۆلیسی پێنجوێنەوە، رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

ئەمڕۆ پێنخشەم 18ی نیسان، حەكیم عەزیز بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا، لەسنووری شارۆكەكەمان 10 تۆمەتبارمان گرتووە، ئەو كەسانە تۆمەتبار و لە یاسا هەڵاتبوون، بەجۆرێك تۆمەتبارێك، بەپێی ماددەی "406-31" لە یاسای سزادانی عیراقی، كە هەوڵیداوە هاووڵاتییەك بكوژێت گیراوە، هەروەها تۆمەتبارێكی تریش بەپێی ماددەی "446" لەیاسای سزادانی عیراقی، كە تاوانی دزی ئەنجامداوە گیرا، لەگەڵ گرتنی سێ‌ تۆمەتبار بەپێی ماددەی "194" لەیاسای گومرگ.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لەماوەی هەفتەی رابردوودا، پێنج تۆمەتباری تر گیراون، بەپێی چەند ماددەیەك لە یاسای سزادانی عیراقی، ئەمە جگە لەوەی چەند رۆژێكیشە هەڵمەت و گەڕانی هێزەكانی بەشی پۆلیس پێنجوێن بۆناو كافتریا و گازینۆ شەوانەكانی سنوورەكە دەستی پێ كردووە و  دەستگیراوە بەسەر چەندین چەقۆ و بۆكسخەنجەردا، كە بەپێی یاسا ڕێپێدراو نین و ئەو هەڵمەتانەش بەردەوامییان دەبێت و هەركەسێك سەرپێچی یاسا بكات، دەیگرین و ڕووبەڕووی دادگا دەكەینەوە. 

كامەران تۆفیق، توێژەری كۆمەڵایەتی لەپێنجوێن، بۆ "وشە" دەڵێ، ئاشكراكردنی ئەو ژمارە زۆرە، كە پۆلیس دەڵێت "تۆمەتبارن" ئەوەمان پێدەڵێت، لە پێنجوێن كە ناوچەیەكی سنوورییە، دیاردەكانی تاوان روویان لە زیادبوون كردووە و پێویستە سنوورێكی بۆ دابنرێت.

دووپاتی دەکاتەوە، لە پێنجوێن زۆربەی بنەماڵە و خێزانەكان، خزم و كەس و ناسیاوی یەكترن، پێشتر تاوان كەمتربوو، بەڵام لەلایەك بەهۆی كرانەوەی پێنجوێنییەكان، بەهۆكاری تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی نزیكی و هاوسنووری لە شارەكانی رۆژهەڵات، ئەمە وایكردووە كە لەم دواییانەدا تاوان و سەرپێچی جیاواز زیاتربن.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 60 هەزار كەس دەبێت و زۆربەیان بەهۆی پێوەندی كۆمەڵایەتییەوە پێوەندی پتەو لە نێوانیاندا هەیە.

وشه‌/ پێنجوێن 




وشە - هیدایه‌ت جان