خوێندکاران سەرقاڵی ئامادەکاری ڕۆژی دەرچوونیانن

:: PM:03:39:18/04/2019 ‌

هەموو ساڵێک لە کۆتای مانگی ئادار خوێندکارانی کۆتا قۆناغی زانکۆ و پەیمانگاکان، بە گەرمی سەرقاڵی ئامادەکردنی توێژینەوەن و لەلایەکی تریش خۆڕازندنەوە بۆ ڕۆژی ئاهەنگی دەرچوون و ێنە گرتنن، ئەو ڕۆژە مێژووییەی هەمووان دەیانەوێت لەوێنەکەدا جوانترین دەربکەون، لەناو وێنەیەک کە بۆ هەریەک لە خوێندکارەکان مانایەکی گەورە و جیاواز و تایبەتی هەیە.

ئامادەکارییەکان لە سەرەتاوە کڕینی جلوبەرگی کوردی و عەزی ئاهەنگ بۆ ئاهەنگی شەوی دەرچوون، دواتر ئاڕیشگا و دواتر دەستنیشانکردن و دروستکردنی گوڵی دەست و کڕینی شیرینی تایبەت، هەندێکیشیان دروستکردنی خواردن بۆ بانگهێشتی کەسوکاریان لە دوای وێنەگرتن و چوونیان بۆ پارکەکان، هەریەک لە کوڕان و کچان بەشیوازێکی جیاواز ئێستا بەبێ جیاوازی ئامادەکاری بۆ ئەو ڕۆژە دەکەن.

ژیلیا ئازاد، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی کارگێڕی کارە، باسی ئامادەکارییەکانی بۆ ڕۆژی دەرچوونی دەکات و دەڵێت، مانگێک پێش نەورۆز جلی ڕۆژی دەرچوونم کڕی لە هەولێر دووکان نەما نەچم ئەوەندە دوودڵ بووم هیچم نەکڕی، ناچار چووم بۆ سلێمانی لەوێ دەستێک جلی کوردی جوانم کڕی، بەڵام عەزیەکەم بەتایبەت لە تورکیا داوا کرد، هەر ئەوەندە نەبوو دوو هەفتە زیاتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکی ئەوەبووم تا بزانم کام ئاڕایشگایە لە هەمووان جوانتر دەتوانێت مکیاجم بۆ بکات و قژم چاک بکات، دوای ئەوەش گوڵی تەخەروج، ماندووبوونێکی زۆرم چەشت بێگومان پارەیەکی زۆر زۆریشم خەرج کرد نزیک دوو هەزار دۆلارم خەرج کرد، بەڵام ئەو ڕۆژە شایەنیەتی و دەبێت تایبەت بیت.

دەگوترێت کوڕان کەمتر لە کچان گرنگی بەو وردەکاریانە دەدەن کە کچان ماوەیەکی دوورودرێژ پێوەی سەرقاڵ دەبن، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی سەردەم و پێشکەوتنە خێراکاندا ئەم گوتراوەش گۆڕانی بەسەردا دێت.

خالید مەحەمەد، یەکێکە لەو خوێندکارانەی ئەمساڵ ئاهەنگی دەرچوونی هەبوو، دەڵیت بەقەدەر کچێک و زیاتریش ئامادەکاری کردووە و پارەی خەرج کردووە، خالید دەلێ ئامادەکاری بۆ بەڕێکردنی ڕۆژێکی تایبەت بۆ کچ و کوڕ جیاوازی نیە، منیش بەتایبەت بەدوای قاتدا گەڕاوم و کەشخەترین قاتم کڕی، ئەو بەیانییە لە سەرتاشخانەی تایبەت خۆمم چاککرد و گوڵی دەرچوونیشم لە باشترین شوێن بە دروستکردندا، جگە لە هەموو ئەوانە سەرجەم خێزانەکەم لە دەرەوە دەعوەت کرد کە ئەمە بۆ کچان جیاوازە، ئەوان یان دەگەڕینە ماڵەوە یانیش خواردن دەبەن بۆ پارک.

هۆشیار عادل، یەکێکی ترە لەو خوێندکارانەی ئەمساڵ لە پەیمانگا ئاهەنگی دەرچوونیەتی و دەڵێت، کوڕ وەک کچ نیە، پێویستی بە زۆرشت نیە، هەر قاتێک بەسە پێویست بەوە ناکات نە زۆر خەرجی بکات نە ماڵەوەش بخاتە تەنگانەوە، چونکە ئێمە خوێندکارین خەرجیمان لەسەر ماڵەوەیە، ناکریت لەو ڕۆژەشدا هێندەیتر خەرجیان بۆزیاد بکەین، دەبێت هەموو کاتێک چاویشمان لەوەبێت هەندێک هاوپۆلمان هەن توانایان نیە ئەوهەموو ئامادەکارییە بکەن، بۆیە دەبێت هاوسەنگی ڕابگرین.

ئارایشگاکان لەگەل نزیکبوونەوەی ئاهەنگەکانی دەرچوون دەستدەکەن بە بڵاوکردنەوەی ئۆفەرە جیاوازەکانیان، هەریەکەیان بەجۆرێک دەیەوێت دڵی زۆرترین خوێندکار ڕازی بکات، هەندێکیان هەر لە زووەوە کاتەکانینا پڕ دەبێتەوە و توانای وەرگرتنی کچی تریان نابێت، هەندێکی تریشیان تاوەکو دواڕۆژ کاتیان دەمێنێت.

جولیا عەمار، سەرپەرشتی یەکێک لە ئارایشتگاکانی هەولێرە، لەباسی جوانکارییەکانی کچان لەو ڕۆژەدا گوتی، ڕۆژێکی تایبەتە ئێمەش هەوڵ دەدەین زۆر تایبەت جوانیان بکەین، زۆربەی جار لەسەر داواکاری خۆیان جۆری جوانکارییکەیان بۆ دەکرێت، هەندێک جاری ئێمە پێشنیاری بۆ دەکەین، لەهەردوو حاڵەتدا ڕوودەدات کە خانمەکە ئارایشەکەی یان تەسریحەکەی بەدڵ نابیت، لەوکاتەدا کە هیچ وەختیكی وانەماوە دەبێت بە بۆڵە و گریان ناچار بە دوو تیم کارێکی نوێی بۆ دەکرێت، گرنگ ئەوەیە کەس بە دڵشکاوی بەڕێ ناکەین.

سەبارەت بە نرخەکان جولیا گوتی، نرخەکان داشکانیان بۆ دەکرێت ئۆفەری تایەبەت بە قژ و مکیاج دادەنرێت بە کنتور و بێکنتور بە دانانی نینۆک یان بەبێ نینۆک ئیدی بۆ هەموو شتەکانی تر، ئەم ماوەیەی کئاهەنگی دەرچوونە ئێمەش سەدان هێندەی خوێندکاران ماندو دەبین، چونکە 24 سەعات خەریکی ئامادەکارین، کچان ناچارن لە 12ی شەو بێن تا بەیانی لە ئارایشگابن، هەر لەوێوە دەچنە زانکۆ و پەیمانگا، چونکە هەموویان ناتوانن بەیانی زوو بێن و لەیەک کاتیش تەواوبن، بۆیە لە ئیوارەی ڕۆژی پێشتر دەبێت ئامادەبن بۆ سبەی بەیانی.

دوکانی گوڵفرۆشەکان بەجۆرێک قەرەباڵغ و سەرقاڵ دەبن کە هەندێکیان ناچارن لەبەر زۆری داواکارییەکان دوکانەکان دابخەن و سەرقاڵی گوڵە داواکراوە پێشوەختەکان ببن، ڕیباز علی خاوەن یەکێک لە دوکانەکانی گوڵفرۆشتنە لە هەولێر، دەڵێت شەوی 300 بۆ 400 چەپکە گوڵ دەفرۆشرێت، تیمی کارکردن دووهێندەی ڕۆژی ئاسایی دەبێت هێشتا فریا ناکەوین، تیمێکیش بەتایەبت لەسەر داواکرییەکانی پێشو کار دەکات، داواکارییەکان زۆرن و جیاوازن، هەرکەسەو لەگەڵ جۆری جلوبەرگ و ڕەنگەکەی چەپکە گوڵەکان دەگونجێنیت.

لەبارەی چەپکەگوڵی کچان و کوڕان ڕێباز گوتی، چەپکە گوڵی دەستی کچان ئەمساڵ مۆدێلی چەپکە گوڵی خڕە وەک گوڵی دەستی بووک، ئەمەش وەک هێمایەکە بۆ ئەوەی کچان لەو ڕۆژەدا وەک بوکێک خۆیان دەبینن لە ڕۆژێکی تایبەتدا، گوڵی دەستی کوڕان بە شیوازی ئەو چەپکە گوڵانە دەبێت کە بۆ دیاری پێشکەش دەکرێت، ئەو جۆرە بۆ کوڕان گونجاوە و مانای تابەتی هەیە لەگەل قات و شیوازی جەستەی کوڕاندا گونجاوە، نرخەکانیش لە 10 هەزارەوە دەست پێ دەکات تاوەکو 100 دۆلار، بەڵام گوڵی دەستی کوڕان چونکە کەمتری تێدەچێت هەرزانترە گوڵی کچان گرانبەهاترە، چونکە گوڵی زیاتری دەوێت لە دروستکردنی چەپکەکەدا.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان



وشە - هیدایه‌ت جان