عەبدوڵا ئاکرێی: كاتی سەردانی بارزانی بۆ تاران دیار نییە

:: AM:11:00:02/10/2016 ‌

میدیاکانی ئێران رۆژی سەردانەکەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران ئاشکرا دەکەن و بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانیش ئەوە رەت دەکاتەوە.

عەبدوڵا ئاکرێی بەرپرسی پێوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئێران بۆ "وشە" باسی لەوە کرد کە هێشتا دیار نییە چ رۆژێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتە تاران.

ئه‌و لێدوانه‌ له‌ كاتێدایه‌ ژمارەیەک ماڵپەڕی سەربە حکوومەتی ئێران باسیان لە سەردانی هەریەک لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمبۆ تاران کردووە و تەنانەت کاتی سەردانەکەشیان ئاشکرا کردووە.

بەشی عەرەبی ماڵپەڕی "الوقت" لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەوە کردووە کە سەردانەکە لە رۆژانی دووشەم و سێشەم  ١٢ و ١٣ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێ. هاوکات بەشی فارسی ماڵپەڕەکە باسی لەوە کردووە کە سەردانەکە لە رۆژانی دووشەم و سێشەم  ١٢ و ١٣ی مێهر یان رەزبەر دەکرێت کە دەکاتە ٣ و ٤ی تشرینی یەکەم وبەپێی ئەو سەرچاوەیەش دەبێت سبەی دووشەم بارزانی بچێتە تاران.

ماوه‌ی شه‌ش مانگه‌ ئێران به‌ ناردنی وه‌زیر و باڵوێزه‌كه‌ی له‌ عێراق له‌ چه‌ند كاتی جیتاوازدا داوای سه‌ردانی بارزانی بۆ وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن. میدیای ئێرانیش ناو به‌ناو كاتی ئه‌و سه‌ردانه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ هێشتا ئه‌نجام نه‌دراوه‌. 

لەلایەکی ترەوە  ماڵپەڕی "فارس نیوز" بە پشتبەستن بە بەشی عەرەبی سەرچاوەکە باسی لەوە کردووە کە سەردانەکە لە رۆژانی ١٢ و ١٣ی تشرینی یەکەم دەبێت  کە دەکاتە ٢١ و ٢٢ی رەزبەر.

وشە/سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان