داعش هێزەكانی بەرەو ئەفغانستان دەجووڵێنێت

:: PM:04:13:15/10/2016 ‌



جێگری سەرۆك كۆماری ئەفغانستان رای گەیاند، گرووپی تیرۆریستی داعش نیازی هەیە ئەو ئەندامانەی كە ئێستە لەناو عێراق و سووریادا شەڕ دەكەن، بگوازێتەوە باكوری ئەفغانستان.

ژەنەڕاڵ عەبدەلڕەشید دوستم، جێگری یەكەمی سەرۆك كۆماری ئەفغانستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی "BBC" رای گەیاند، دەزگەكانی هەواڵگریی ئەفغانستان زانیویانە داعش نیازی هەیە ئەندامەكانی لە ویلایەتی بادغیس كە دەكەوێتە باكوری رۆژئاوا و ویلایەتی بەدخشان لە باكوری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان جێگیر بكات.

زیاتر روونی كردەوە، ئەو ئەندامانە زۆربەیان بە رەگەز هاووڵاتیی تاجیكستان، ئۆزباكستان، قیرغیزستان، رووسیا و چیچانن كە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا چوونەتە ناو ئەو گرووپە تیرۆریستییەوە و پلانیان داناوە تا بەهاری ساڵی رابردوو لە باكوری ئەفغانستان جێگیر ببن.

دوستم دووپاتی كردەوە كە زانیارییەكەیان لەلایەن چەندان دەزگەی هەواڵگری پشتڕاست كراوەتەوە و ئامادەباشی تەواویان كردووە بۆ ئەوەی رێگە لە دزەكرنی ئەو تیرۆریستانە بگرن و نەهێڵن بگەنە ناو خاكی پاكستانەوە.

جێگری سەرۆك كۆماری ئەفغانستان دەزگەی هەواڵگریی پاكستانی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان لە پشتی ئەو پلانەی داعشدا هەیە و رای گەیاند، ئەگەر داعش لەو پلانەیدا سەركەوتوو بێت و بتوانێت ویلایەتی بەدخشان داگیر بكات، بەهۆی ستراتیژیی شوێنەكە، تەناهیی ئەفغانستان بەتەواوەتی دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە.

زیاتر روونی كردەوە، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی دواییدا بەرپرسانی ئەفغانستان چەندان جار رایان گەیاندووە كە پاكستان لە پشت بەردەوامی شەڕی ئەفغانستانە و بە تەواوەتی پاڵپشتی لە گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكان دەكات.

وشە/ بی بی سی- و. هیدایەت جان




وشە - هیدایه‌ت جان