عێراق جارێكى تر به پلانى رێكخستنه‌وه‌ى سنوورى خۆى و سووریادا ده‌چێته‌وه. به‌رپرسانى ته‌ناهى ئاشكراى ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵێك مه‌ترسى له‌سه‌ر سنووره‌كانى عێراق هه‌ن وا له‌و وڵاتە دەکەن سنووره‌كانى توندوتۆڵ بكات، یه‌كێك له‌و مه‌ترسییانه‌یش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له نێوان هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات و سوپاى رژێمى سووریا رووبدات، كاریگه‌ریی بۆسه‌ر عێراق ده‌بێت.
مێژووى سنوورى نێوان عێراق و سووریا بۆ كۆتاییه‌كانى ده‌یه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه. درێژى ئه‌م سنووره نزیكه‌ى 600 كیلۆمه‌تر ده‌بێت. هه‌میشه هۆكارێك بووه بۆ ناكۆكى نێوان عێراق و سووریا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له زۆر قۆناغى مێژوویی‌دا ئه‌م سنووره به توندى كۆنتڕۆڵ كراوە، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه له هه‌ندێك قۆناغى تردا كۆنتڕۆڵ كردنى لاواز بووه.
له‌ساڵى 2003 دواى رووخانى رژێمى به‌عس له عێراق، به‌هۆى لاوازیى ده‌زگا ته‌ناهییه‌كانى عێراق و كهمئهزموونى ده‌سه‌ڵاتدرانى نوێى عێراق، گرووپه تیرۆریستییه‌كان روویان له عێراق كرد و بارودۆخى ته‌ناهى عێراقیان خسته مه‌ترسییه‌وه، یه‌كێك له كێشه‌كانى ئه‌و كات ئه‌وه‌بوو هێزه عێراقییه‌كان نه‌یانده‌توانى كۆنتڕۆڵى سنوورى خۆیان له‌گه‌ڵ سووریا بكه‌ن. بۆیه هه‌میشه گله‌ییان له‌ده‌وڵه‌تى سووریا ده‌كرد و ته‌نانه‌ت چه‌ندان جار به‌وه تۆمه‌تباریان ده‌كرد كه ئه‌وان له‌ڕێى سنوورى عێراق و سووریاوه تیرۆریستان ره‌وانه‌ى ناو خاكى عێراق ده‌كه‌ن.
ناوه ناوه ئەو تۆمه‌تباركردنه له‌لایه‌ن به‌رپرسانى عێراق دووباره ده‌كرایه‌وه، تا بارودۆخه‌كه به‌وه گه‌یشت رێكخراوى تیرۆریستى داعش ده‌ركه‌وت. وه‌ك له ناوه‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێ داعش ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه‌ى سڕینه‌وه‌ى ئه‌و سنووره بوو بۆیه ناوى له خۆ نابوو "ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له عێراق و شام".
بهكردهیش له هاوینى 2014 واى كرد، ئه‌مه‌یش كاتێك بوو كه چه‌ندان شوێنى له هه‌ردوو دیوى سنووره‌كه‌ی داگیركرد، چه‌ند ناوچه‌یه‌كى كه‌م نه‌بێت ئه‌گینا چه‌ند شوێنێكى ستراتیژى سنووره‌كه كه‌وته ده‌ست رێكخراوه تیرۆیستییهكه. هه‌رچه‌نده پێشتر عێراق سه‌ركه‌وتنى به‌سەر داعش راگه‌یاندبوو، به‌ڵام له مانگى ئه‌یلوولى رابردوو هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات ناسراو به "هه‌سه‌ده" له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان ئۆپراسیۆنێكیان بۆ پاككردنه‌وه‌ى رۆژهه‌ڵاتى فوڕات له داعش ده‌ست پێ كرد. تا له ئادارى رابردوو هێزه‌كانى هه‌سه‌ده ته‌واو له سنوورى عێراق نزیك بوونه‌وه و دواجار گه‌یشتنه سنوورى عێراق و دوایین پێگه‌ى داعشیان له‌ناو برد.
ئێسته به‌رپرسانى عێراق دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كاتى كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى سنووره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ سووریا هاتووه. چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له هێزه ته‌ناهییه‌كانى عێراق بۆ رۆژنامه‌ى
شه‌رق ئه‌وسه‌تیان ئاشكرا كردووه، پلانێكى ته‌ناهى نوێیان داناوه بۆ پاراستنى سنوورى عێراق و سووریا.
یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ى كه بۆ رۆژنامه‌كه قسه‌ى كردووه و ناوى ئاشكرا نه‌كراوه ده‌ڵێ "ئه‌و میكانیزمه‌ى عێراق له پاراستنى سنووره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ سووریا پێڕه‌وى ده‌كات تواناى ئه‌وه‌ى پێ ده‌دات له‌ڕێى فڕۆكه‌كانه‌وه له ئاسمانه‌وه چاودێریى سنووره‌كان بكات، جگه له‌مه‌یش كامیراى چاودێریى و هێزى گه‌ڕۆك له ته‌واوى سنووره‌كه داده‌نرێن".
كه‌چى به‌رپرسێكى تر ئاشكراى كردووه، پرۆسه‌ى كۆنتڕۆڵكردنى سنوورى نێوان سووریا و عێراق ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه ده‌ستى پێ كردووه، به‌ڵام دواى هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌ركه‌وتووه كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕیى له سنووره‌كان هه‌یه، بۆیه ده‌بێت جارێكی‌تر كۆنتڕۆڵ بكرێته‌وه. دواتریش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات عێراق بیر له‌وه ده‌كاته‌و به رێژه‌ى %100 كۆنتڕۆڵى سنووره‌كانى له‌گه‌ڵ سووریا توندوتۆڵ بکات.
وردەكاریى زیاتر له لایه‌ن چاودێرێكى ته‌ناهییه‌وه ئاشكرا ده‌كرێت به ناوى فازڵ ئه‌بوره‌غیف. ئه‌و چاودێره قسه‌ى بۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت كردووه و ده‌ڵێ، عێراق له‌ڕووى ناوخۆییه‌وه جگه له دانانى كامێراى چاو‌دێر بیر له‌وه ده‌كاته‌وه هێزه‌كانى پاراستنی سنوور چالاك بكاته‌وه و له هه‌ندێك ناوچه به هێزه‌كانى حه‌شدى عه‌شایه‌رى سووننه و له‌هه‌ندێك شوێنى تریش به حه‌شه‌دى شه‌عبى پاڵپشتى ئه‌و هێزانه بكات.
به‌رپرسان له هێزه عێراقییه‌كان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئێسته عێراق له‌ڕووى ته‌ناهییه‌وه هاوئاهه‌نگى به جیا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه له هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات و هێزه‌كانى رژێمى ئه‌سه‌د هه‌یه. ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كاتێك دۆسیه‌ى داعشه گیراوه‌كان و كه‌سوكارى داعش له كەمپه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، ئه‌وا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى تیرۆر له‌سه‌ر عێراق له‌دیوى سووریاوه نامێنێ.
به‌ڵام ئه‌وان خۆیان بۆ ئه‌گه‌رێكى تر ئاماده ده‌كه‌ن و پێشبینى ده‌كه‌ن ناكۆكى له‌نێوان هێزه‌كانى سووریاى دیموكرات "هه‌سه‌ده" و سوپاى ئه‌سه‌د رووبدات.
ساڵى رابردوو چه‌ند جارێك دانووستاندن له نێوان هه‌سه‌ده و رژێمى سووریا به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام ئه‌وكات رێكخراوى داعش ناوچه‌یه‌كى زۆرى له خاكى سووریا له‌ژێر ده‌ست مابوو. دواى نه‌مانى داعش هه‌سه‌ده و ئه‌سه‌د هاوئاهه‌نگى ده‌كه‌ن یان شه‌ڕ؟ ئه‌مه بابه‌تێكه هێشته وه‌ڵامى نه‌دراوه‌ته‌وه، به‌رپرسانى عێراق تاكه لایه‌نن ئاماژه بۆ ئه‌گه‌رێكى وه‌ها ده‌كه‌ن. به‌تایبه‌تیش كاتێك ده‌زانرێت ئه‌وان له نزیكه‌وه ئاگادارى بارودۆخى سووریا‌ن، هه‌فته‌ى رابردوویش فالح فه‌یازى راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌دى سه‌رۆكى رژێمى سووریا كۆبووه‌وه و به‌شار داواى هاوئاهه‌نگى ته‌ناهى له عێراق كرد.