كشتوكاڵی كەركووك: دژایەتیكردنی جووتیارانی كورد دەستی پێ كردووەتەوە

:: PM:08:26:20/04/2019 ‌

 بەڕێوبەری گشتی كشتوكاڵی كەركووك رای گەیاند كە لە شاری كەركووك جارێكی تر دژایەتیكردنی جووتیارانی پارێزگاكە دەستی پێ كردووەتەوە و ئێستە بە دوو جۆر دژایەتی جووتیارانی كورد دەكرێت، لە رێگەی دادگەكان و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە. 
مەهدی موبارەك،  بەڕێوبەری گشتی كشتوكاڵی كەركووك ئەمڕۆ شەموو بە"وشە"ی  ڕاگەیاند, جارێكی تر جووتیارانی كورد لە كەركووك خۆپێشاندانیان دژی بڕیارەكانی پارێزگاری كەركووك كرد، چونكە چەندین بڕیار دژی زەوی جووتیارانی كورد دەركراوە و دەست بەسەر زەوی كوردەكان دەگیرێت و كوردیش ئەمە رەت دەكاتەوە.

زیاتر گوتی، بەدوو شێوە دژایەتی كورد دەكرێت ئەوانیش بڕیار لە دادگەكانی كەركووك لەدژی كورد و لە بەرژوەندی عەرەب دەدرێت و شێوەیەكی تریش وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق پاڵپشتی لە جووتیارانی عەرەب دەكات لەدژی كورد.

بەڕێوبەری گشتی كشتوكاڵی كەركووك دووپاتی كردەوە، چارەسەری ئەو كێشەیە بە دوو شێوەیە، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و دەركردنی حەشدی شەعبیە لە پارێزگاكە، ئاماژەی كرد، عەرەبی هاوردەی كەركووك دەیانەوێت بە هەزاران دۆنم زەوی جووتیارانی كورد داگیر بكەن و بۆ خۆیانی ببەن، بەڵام هێشتا جووتیارانی كورد رێگەیان نەداوە و دانیان بەخۆیاندا گرتووە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل