كەسوكاری سێوان قادر بەرانبەر بڕیارێكی دادگا ناڕەزایی دەردەبڕن

:: PM:08:09:22/04/2019 ‌

كەسوكاری سێوان قادر و سێ منداڵەكەی ناڕەزایی دەردەبڕن بەرانبەر بە ئازادكردنی تۆمەتباری دووەمی كەیسی سێوان قادر و مامی سێوانیش دەڵێت، هەڵەیەكی گەورە كراوە و دەبوو دادگا بڕیاری ئازادكردنی ئەو كچەی دەرنەكردبایە.

ئەمڕۆ دووشەم دادگای لێكۆڵینەوە بڕیاری ئازادكردنی ئەو كچەیدا كە لەسەر كەیسی سێوان قادر گیرابوو، بڕیارەكەش بەبێ دادگایكردنی دەرچووە و پارێزەرەكەی سێوانیش دەڵێت "تانە لەو بڕیارە دەدەین".

شەفیق نووری مامی سێوان قادر بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كچەی كە گیرابوو لەسەر كەیسی سێوان قادر ئازاد كراوە لەكاتێكدا سێوان پێش كۆچی دوایی ئەوەی راگەیاندووە كە گومانی لەو كەسە هەیە و پێویستە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت، بۆیە دەبوو تۆمەتباری دووەم قۆناغەكانی دادگایی ببڕێت و دواتر بڕیاری لەسەر بدرێت.

زیاتر گوتی، ئازادكردنی ئەو كچە لە لایەن دادگای لێكۆڵینەوە بووە لە كاتێكدا ئەو دادگایە دەسەڵاتی ئازادكردنی ئەو كەسەی نییە و پێویست بوو دادگای تاوان ئەو بڕیارەی بدایە ئەویش لە قۆناغەكانی دادگایی واتە دەبوو لەسەر قسەی سێوان كە ئاماژەی بەو كچە دابوو لە رووداوەكە‌ تۆمەتباری دووەم دادگایی بكرابوایە.

" وەك كەسوكاری سێوان نیگەران و ناڕازین لە بڕیاری ئازادكردنی تۆمەتباری دووەم كە ئەو كچەیە و هەڵەیەكی گەورە كراوە لە بڕیارەكەداو پارێزەراكانمان تانەی لێ دەدەن، چونكە بە تۆمار لامانە سێوان پێش مردنی داوای دادگایكردنی ئەو كچەی كردبوو" مامی سێوان وای گوت.

ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم لە ڕووداوێكی ئاگر كەوتنەوە لە چەمچەماڵ بەهۆیەوە سێوان قادر و سێ منداڵەكەی سووتان و دەستبەجێ هەر سێ منداڵەكەی گیانیان لەدەست دا و دوای یەك هەفتە مانەوە لە نەخۆشخانە سێوان قادریش گیانی لەدەست دا كە گومان دەكرێ‌ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە سووتێنرابن و تا ئێستە لێكۆڵینەوەكان لە دادگا بەردەوامە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم