40 ساڵە دەرمانی گیایی بۆ سووتاوی بەكار دەهێنێت و پزیشكەكان داواكاریان لێی هەیە

:: PM:05:08:24/04/2019 ‌
هاووڵاتییەكی شارەدیێ شێلادزێ ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە گیا و كەرستە شاخاوییەكانی كوردستان و ناوچەكە دەكاتە دەرمانی كوردەواری و بۆ نەخوشییەكانی پیست و سووتانی جەستە بە گەرنتی چاكبوونەوە بەكاردەهێنڕێ.

گەنجۆ بەهائەدین بەساڵاچووێكی شارەدێی شێلادزێیە و بە "وشە"ی راگەیاند، زیاتر لە 40 ساڵە ئەو گیا و مادە و كەرستە جۆراوجۆرەكانی ناوچە شاخاوی و سروشتییەكانی كوردستان بۆ دروستكردنی دەرمانی كوردەواری بەكاردەهێنێت.

زیاتر گوتی، هەموو جۆرە گیا و گوڵێكی سروشتی ناوچە شاخاوییەكانی كوردستان سوودی تەندرۆستی هەیە، بەڵام دەبێت بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. ئەو دەڵێت، هەركەسێك نەخۆشیی پیست و سووتان هەبێت ئەوا بە گەرەنتی چاكبوونەوە چارەسەری بۆ دەكەم تا ئێستە زیاتر لە دوو هەزار كەس لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و ئەوروپا و ئەمەریكا سەردانیان كردووم  چارەسەریان وەرگرتووە.

چۆنییەتی فێربوونی گێرایەوە و گوتی، جارێك كچێكی بینیوە كە زۆر گیانی سووتاوە، بەڵام دەسەڵاتی نەبووە چاكی بكاتەوە و لە شەودا ئەو كچە بە ئازارەوە هاتووەتە خەوی و پێیان گوتوە لە چیا زۆر گیایەك هەیە ئەویش بۆ بەیانی چووە لەو گیایەی هێناوە و كچە سووتاوەكەی پێ چارەسەر كردووە، ئەوە بووەتە نهێنی فێربوونی ئەو پیشەیە.

بەپێی قسەی گەنجۆ پزیشكی زۆر لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستانەوە سەردانیان كردووە و هەمووان سەرسامبوون لە چۆنییەتی چارەسەركردنی نەخۆش، بۆیە داوایان لێ‌ كردووە كە كەسی تر فێری پیشەكە بكات تا دوای ئەو سوودی لێ‌ ببینن.

گەنجۆ لە ساڵی 1955 لە دایك بووە و ئێستە لە شارەدیێ شێلادزێ دەژیت و كەسایەتییەكی ناسراوە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم