حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەبەستێتەوە

:: PM:02:20:25/04/2019 ‌
وەزارەتی نەوتی عێراق رای گەیاند هێشتا حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی رادەستی بەغدا نەكردووە. سامر عەزبان دەڵێ، لە پێوەندی لەگەڵ كوردستان بەردەوامین بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە تا بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتەكە بە سۆمۆ بدات بەرانبەر بە مووچەی فەرمانبەران.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی نیسان، سامر غەزبان جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوت رای گەیاند، هێشتا هەرێمی كوردستان پابەند نەبووە بە یاسای بودجە و 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی كۆمپانیای نیشتمانی سۆمۆ نەكردووە.

قسەكانی وەزیری نەوتی عێراق لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق رێككەوتوون لەسەر پێدانی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرانبەر بە بودجەی هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی 12.67%ە، بەڵام هەوڵێك هەیە لە لایەن بەشێك لە لیستەكانی پەرلەمانی عێراق پرسی مووچەی فەرمانبەران تێكەڵ بەو رێككەوتنە بكەن.

وەزیری نەوت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەگەڵ لوئەی خەتیب وەزیری كارەبا لە بەغدا، گوتی "بەپێی یاسای بودجەی 2019، پێویستە هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل لە بەرهەمی نەوتەكەی بە كۆمپانیای نیشتمانی سۆمۆ بدات بەرانبەر بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام هێشتا ئەو بڕە نەوتەی رادەست نەكردووە".

زیاتر گوتی "ئێمە لە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین بۆ جێبەجێ كردنی یاسا، حكوومەتی عێراقیش پابەندە بە جێبەجێ كردنی یاسای بودجە".

 قسه‌ى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق لە کاتێکدایە بودجە بەبێ رادەستکردنی نەوتیش وه‌ك یاسا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ و بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا جێگیر کراوە و ئەو پرسە خراوەتە دەرەوەی ململانێی سیاسیی بەپێى یاساكه‌.





وشە - فه‌رمان سادق