24 سەعاتی تر پێكهێنانی حكوومەت لە كوردستان دەچێتە قۆناغێكی تر


گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان گەیشتە كۆتایی و لە 24 سەعاتی داهاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێككەوتنی نێوانیان واژوو دەكەن و دوای ئەوەیش هەرسێ‌ لایەنی سەرەكی بەشدار لە پێكهێنانی حكوومەت رێككەوتنی پڕٍۆتۆكۆڵی بۆ پێكهێنانی حكوومەت واژوو دەكەنەوە.

30ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی كورسییەكانی بردەوە و ئەركی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كەوتە ئەستۆ، بەرپرسانی پارتی دوای هەڵبژاردن ڕایان گەیاند كە نایانەوێ‌ بەزۆرینە حكوومەت پێكبهێنن، بۆیە بڕیاری گفتوگۆیان لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان دەركرد.

پارتی خاوەنی 45 كورسیی و گۆڕان خاوەنی 12 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و یەكێتیش 21 كورسیی پەرلەمانی هەیە، بەڵام ئێستە دوای ئەو ماوەیە هێشتا كابینەی نۆیەم پێكنەهێنراوە ئەوەیش بەهۆی زۆری داواكارییەكانی یەكێتی و ڕێكنەكەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، هەرچەندە پێش یەكێتی پارتی واژووی ڕێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان كرد و ژمارەیەك پۆستی پێ دا، بەڵام بۆ ئەوەی كوردستان لە مەترسییەكان پارێزراو بن پارتی پێكهێنانی حكوومەتی بەهۆی یەكێتییەوە دوا خست تا ئێستە كە بڕیارە لە 24 سەعاتی داهاتوو هەموو ئەو ڕێككەوتنانە كۆتایی بێت كە بۆ پێكهێنانی حكوومەت واژوو دەكرێن.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێی وایە توانیویەتی دەستكەوتەكانی لە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بەدەست بێنێت ئەوەیش دوای ئەوەی داوای زیادكردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كردبوو كە ئێستە لە پڕۆژە پێشنیازی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكات جێگیر كراوە.

شوان كەریم ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە" ڕاگەیاند، بڕیارە 24 سەعاتی داهاتوو گۆڕانكاری لە پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان ڕوو بدات.

ئاشكرای كرد، پارتی و یەكێتی بۆ دواجار ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژوو دەكەن، چونكە ئێستە هەموو كێشەكان كۆتاییان هاتووە و ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت تەواو كراوە.

پەرلەمانتارەكەی كوردستان گوتی، ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بەهۆی زیادكردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوا كەوتبوو، "پارتی كاتی دایە لایەنەكان و ئێستەیش كاتی پێكهێنانی حكوومەتە".

لەلایەكی تر ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە كە 24 سەعاتی تر ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی واژوو دەكرێ‌. ئارێز گوتی، هیچ كێشەیەك لە بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان نەماوە. 

هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان كە ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانییەكەی كۆ بووەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕیاری كۆتاییان لەسەر رازیبوون بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت داوە و دەیانەوێ‌ بە زووترین كار ڕێككەوتن لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت دیار بكرێ‌.

كۆتاهێنانی پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان لەكاتێكدایە كە هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەت سەردانی چەند لایەنێكی نەكردووە كە پێ دەچێت لە پۆستی وەزیر كەمتر وەربگرن بەتایبەت پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان.

پارتی پۆستەكانی حكوومەتی داهاتووی لە نێوان گۆڕان و یەكێتی دابەش كرد كە هی گۆڕان لە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی دەست پێ دەكات و پۆستەكانی یەكێتیش لە جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێمەوە دەست پێ دەكات.

بە تەواوبوونی ئەو 24 سەعاتە و واژووكردنی ڕێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان، پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و پڕۆژەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پەسەند دەكات و دوای ئەوەیش بەماوەی 10 ڕۆژ كاندیدی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی دەخوات و كاندیدی سەرۆكی حكوومەت ڕادەسپێرێ‌.

جێی بیرهێنانەوەیە كە مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:03:21:28/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 19328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌